رووداوێکی دەگمەن و تراژیدی: دوای تۆمارکردنی گۆڵی سەرکەوتن یاریگای بەجێهێشت و خۆی گۆڕانکاریی بەخۆی کرد

موسا ماریگا بەهۆی دروشمی رەگەزپەرستی هاندەرانی ڤیتۆریا گیمارێش یاریی یانەکەی بەجێهێشت

موسا ماریگای هێرشبەری پۆرتۆی پۆرتوگاڵی بەهۆی بەکارهێنانی دروشمی رەگەزپەرستی لە دژی، یاریی یانەکەی بەرامبەر ڤیتۆریا گیمارێش تەواو نەکرد.
لە یارییەکانی گەڕی بیست و یەکەمی خولی نایابی پۆرتوگاڵ، لە یاریی نێوان ڤیتۆریا گیمارێش و پۆرتۆ لە خولەکی 70 دوای تۆمارکردنی گۆڵی سەرکەوتن، موسا ماریگای هێرشبەری 28 ساڵانی پۆرتۆ بەهۆی بەکارهاتنی دروشمی رەگەزپەرستی لەلایەن هاندەرانی ڤیتۆریا گیمارێشەوە، یاریگای بەجێهێشت.
گەرچی ئەو هێرشبەرە ئەسمەرە لەلایەن هاوڕێیەکانییەوە زۆر هەوڵی لەگەڵ درا یارییەکە تەواو بکات، بەڵام ماریگا سووربوو لەسەر ئەوەی یاریگای بەجێبهێڵێت، کە دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی ئاماژەی بۆ رەنگی پێستی کرد و بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی لەلایەن ناوبژیوانەوە کارتێکی زەردیشی پێدرا و راهێنەری پۆرتۆش بە ناچاری گۆڕانکاریی بە ماریگا کرد.
دوای یارییەکە ماریگا لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام هاندەرەکانی ڤیتۆریا گیمارێشی بە گەمژە وەسفکردووە و رەخنەیەکی توندی لە ناوبژیوانی یارییەکە گرتووە، بەهۆی ئەوەی کارتێکی زەردی بەڕوودا بەرزکردووەتەوە و ناوبژیوانەکەی شەرمەزار کردووە و نووسیویەتی نامەوێت هەرگیز بتبینمەوە.