فازڵ میرانی: كەس ناتوانێ لە بەغداوە وەزیر بۆ كورد دیار بكات

"دەبێ خۆمان ناوەكانیان پێبدەین و بڵێین ئەمانە وەزیری كوردن"

K24 - ھەولێر

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوان وەك پارتی باسی ئەوە ناكەن چەند وەزارەتیان بەردەكەوێت، بەڵكو وەك كورد باس لەو بابەتە دەكەن.

فازڵ میرانی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ھەوڵمانداوە كە درز نەكەوێتە نێوان لایەنە كوردستانییەكان و كورد بە تایبەتی".

ئاشكراشی كرد: "ئەمڕۆ شاندێكی حزبە كوردستانییەكان دەچێتەوە بەغدا و لەگەڵ لایەنە سوننە و شیعەكان لە بەغدا كۆدەبنەوە".

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوەشكرد: "كەس ناتوانێ لە بەغدا وەزیر بۆ لایەنە كوردستانییەكان دیار بكات، بەڵكو دەبێ خۆمان ناوەكانیان پێبدەین و بڵێین ئەمانە وەزیری كوردن".