یانەی دهۆک مووچەی یاریزانەکانی پاشەکەوت دەکات
لەمەودوا تەنیا مووچەی %40ی یاریزانەکانی دەدات
یانەی دهۆک مووچەی یاریزانەکانی پاشەوکەوت دەکات و لەمەودواش مانگانە تەنیا %40ی بڕی مووچەی یاریزانەکانی دەدات.
دوای ئەوەی یاریزانانی دهۆک بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیان دوو جار بایکۆتی راهێنانەکانی یانەکەیان کرد، کە 110 رۆژ بوو مووچەیان وەرنەگرتبوو، دەستەی کارگێڕی یانەکە بڕیاریدا مووچەی سێ مانگی رابردوویان پاشەکەوت بکات و هەرکاتێک یانەکە لە رووی داراییەوە توانای هەبوو ئەو مووچانەیان پێبدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک لەگەڵ یاریزانەکان کۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە رێککەوتن، لەمەودوا یانەی دهۆک تەنیا بڕی %40ی مووچەی یاریزانەکانی دابین دەکات و بڕەکەی دیکەش پاشەکەوت دەکات، بەرپرسانی یانەکە بە یاریزانەکانیان راگەیاندبوو داهاتی مانگانەی یانەکەمان نزیکەی 30 ملیۆن دینارە و هیچ سەرچاوەی داهاتی دیکەمان نییە بۆیە ناچارین ئەم بڕیارە بدەین.
یاریزانانی دهۆک دوو رۆژە دەستیان بە راهێنانەکان کردووەتەوە و بایکۆتەکانیان شکاندووە، رۆژی هەینی لە گەڕی پازدەمی خولی نایابی کوردستان دەبنە میوانی سۆران.