مێسی بۆ ئابیدال: نامەوێت بەهیچ شێوەیەک جارێکی دیکە گوێم لەم قسانە بێتەوە

مێسی: بەڵێ لە بارسێلۆنا کێشەمان زۆرە

مێسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بە توندی هێرش دەکاتە سەر ئابیدال و دان بەوەشدا دەنێت کە لە بارسێلۆنا کێشەیان هەیە و باسی تۆمەتەکانی بارتۆمیۆش دەکات.

لیۆنێل مێسی، یاریزانی بارسێلۆنای ئیسپانی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لەبارەی هۆکاری وەڵامدانەوەی ئێرک ئابیدال دەڵێت 'هەستمکرد ئابیدال هێرشیکردووەتە سەر من و هاوڕێیەکانم بۆیە وەڵامم دایەوە، قسەکانی بە ئاراستیەک بوون گوایە ئێمە لە ژووری جلگۆڕین بڕیار لەسەر دوورخستنەوەی راهێنەر دەدەین، بەڵام بەڕێوەبەری وەرزشی یانە بڕیار لەسەر ئەم بابەتانە دەدات نەوەک ئێمە، من زۆر بەوە تۆمەتبار دەکرێم کە من بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی چارەنووسی یاریزانەکان و راهێنەر دەدەم بۆیە وەڵامی ئابیدالم دایەوە و نامەوێت گوێم لێ بێت بەمشێوەیە هێرش بکاتە سەر من، لە ئارجێنتیناش هەمیشە بەوە تۆمەتبار دەکرێم کە من لەبارەی بانگهێشتکردنی یاریزانەکان و دەستنیشانکردنی راهێنەر بڕیار دەدەم، بەڵام ئەم قسانە دوورن لە راستییەوە'.
هەروەها لیۆ لەبارەی کێشەکانی ئێستای یانەکەیانەوە دەڵێت 'ئێمە لە بارسێلۆنا لە سەرەتای ئەمساڵەوە کێشە لە دوای کێشە بەرۆکمان دەگرێت، بەڵام پێویستە تەنیا بیر لە یارییەکان بکەینەوە، بارتۆمیۆ لەبارەی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسکرا روونکردنەوەی بۆ ئێمە دا وەکو کاپتنەکانی بارسێلۆنا، کاتێک گوێم لەم بابەتە بوو زۆر پێم سەیر بوو، من لێرە نەبووم لە دوبەی بووم، پێویستە چاوەڕێ بکەین تاکو ئەم بابەتە روون دەبێتەوە، بارتۆمیۆ پێی گوتم کە بەڵگەی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی ئەستۆپاکی خۆی بسەڵمێنێت'.