مێسی: تاکو ئێستاش نازانم لیڤەرپوول و رۆما چۆن ریمۆنتادایان بەسەر ئێمە کرد
مێسی: بیر لە بەجێهێشتنی بارسێلۆنا ناکەم
هەروەها مێسی دەڵێت راستە کۆتایی ئەم وەرزە دەتوانم بێبەرامبەر بارسێلۆنا بەجێبهێڵم بەڵام تاکو یانەکە پێویستی بە من بێت ناڕۆم، باسی ریمۆنتادایەکانی لیڤەرپوول و رۆماش دەکات.
لیۆنێل مێسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی دەڵێت 'ئەگەر من و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەیەکەوە لە یەک تیپ یاریی بکەین بەدڵنیاییەوە پاسی پێدەدەم، کریستیانۆ دوای رۆیشتنی لە ریال مەدرید کاریگەری بەسەر یانەکە هەبوو، چونکە هەموو وەرزێک رۆناڵدۆ پەنجا گۆڵ تۆمار دەکات و ئەستەمە بتوانیت شوێنی پڕ بکەیتەوە. کریستیانۆ ئێستا لە یۆڤێنتۆسیش لە گۆڵکردن بەردەوامە چونکە یاریزانێکە تامەزرۆی گۆڵکردنە و هەموو رۆژێک حەز دەکات گۆڵ بکات'.
هەروەها لیۆ لەبارەی چارەنووسی خۆی گوتی 'راستە من کۆتایی ئەم وەرزە دەتوانم بێبەرامبەر لە بارسێلۆنا بڕۆم، بەڵام من بارسێلۆنا بە ماڵی خۆم دەزانم و تاکو یانەکە پێویستی بە من بێت من بیر لە رۆیشتن ناکەمەوە'.
مێسی دانی بەوەدانا کە ئەم وەرزە ئاستیان وەکو پێویست نییە و گوتی 'ئەم وەرزە ئێمە و ریال مەدرید دۆخمان باش نییە، چەندان خاڵمان لەدەستداوە، بۆیە پێموایە تاکو کۆتایی ئەم وەرزە رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولەکە بەردەوام دەبێت، یاریی کلاسیکۆ نازناوەکە یەکلا ناکاتەوە'.
لیۆ لەبارەی ریمۆنتادایەکانی لیڤەرپوول و رۆما و نازناوی چامپیۆنزلیگ گوتی 'من هیوادارم بتوانم نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنم، بەڵام ئەگەر بمانەوێت ئەم نازناوە بەدەست بهێنین دەبێت بەهێزتر بین و ئەو هەڵانە دووبارە نەکەینەوە کە بەرامبەر لیڤەرپوول و رۆما کردمان، تاکو ئێستا نازانم لەو دوو یارییە چی روویدا، بردنەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە لیڤەرپوول بۆ من چاوەڕواننەکراو نەبوو، چونکە هەمیشە ئاتلێتیکۆ لە یارییە یەکلاکەرەوەکان بەهێزە'.