هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت

لە 208 بازنەی هەڵبژاردن لە 31 پارێزگای ئێران بەڕێوەدەچێت

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەینی یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە 208 بازنەی هەڵبژاردن لە 31 پارێزگای ئێران بەڕێوەدەچێت.

لە هەموو ئێران زیاتر لە حەوت هەزار کاندید، بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسی پەرلەمان پێکەوە پێشبڕکێ دەکەن.

عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، بۆ بەڕێوەچوونی یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، بەگشتی زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر دەستنیشان کراون.

لەمبارەوە جەمال عورف، سەرۆکی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران، بە میدیاکانی راگەیاندووە، بەگشتی لە ئێران 57 ملیۆن و 918 هەزار و 159 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 931 هەزار کەس بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن و لە هەموو ئێران حەوت هەزار و 148 کاندید، بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسی پەرلەمان پێکەوە پێشبڕکێ دەکەن.

لە سەرتاسەری ئێران 16 هەزار و 145 کەس بۆ یازدەیەمین خولی هەڵبژاردن ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، کە لەو رێژەیە نزیکەی 56٪یان شیابوونیان رەت کراوەتەوە.

بەپێی زانیاری و داتاکان باڵی ریفۆرمخوازەکانی ئێران، لە چەند قۆناغی پاڵاوتنی کاندیداکاندا 90٪ی کاندیدەکانی ئەوان رەت کراوەتەوە.

ئێستا لەناو پەرلەمانی ئێران، لە کۆی 290 کورسیی پەرلەمان باڵی بناژۆخواز خاوەنی 240 کورسییە و باڵی ریفۆرمخوازیش تەنیا 50 کورسییان هەیە.

لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ یازدەیەمین خولی هەڵبژاردن 345 کەس خۆیان کاندید کردووە و بۆ بەدەستهێنانی 29 کورسیی پەرلەمان پێشبڕکێ دەکەن.

H.J