قەرزی وڵاتان ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات

پشكی شێر بەر وڵاتە گەورەكانی جیھان دەكەوێت

K24 - ھەولێر

پێشبینییەكان بۆ قەرزی حكومی وڵاتان لەمساڵدا مەترسیدارە و راپۆڕتێكی ستاندەرد ئاند پوورز، دەریدەخات كە بەھای قەرزی وڵاتانی جیھان لەمساڵدا ژمارەی پێوانەیی لە بەرزبوونەوە تۆمار دەكات و بڕەکەی دەگاتە 53 ترلیۆن دۆلار و پشكی شێری قەرزەكان بەر وڵاتە گەورەكانی جیھان دەكەوێت.

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی ستاندەرد ئاند پوورز گڵوباڵ، پێشبینی دەكرێت بەھای قەرزی حكومەتەكانی سەرتاسەری جیھان تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی لە بەرزبوونەوە تۆمار بكات، بەجۆرێك بڕەکەی دەگاتە 53 ترلیۆن دۆلار. ھەروەھا تەنیا لەمساڵدا ئاڕاستەی قەرز وەرگرتن بۆ 8 ترلیۆن و 100 ملیار دۆلار زیاد دەبێت و نزیكەی 70% كۆی قەرزی سیادی كە بە تێكڕای 5 ترلیۆن و 800 ملیار دۆلار دەكات بۆ دووبارە پارەداركردنی قەرزە درێژ مەوداكان بەكاردێت.

سەبارەت بە قەبارەی قەرزی نوێ پێشبینی دەكرێت 2 ترلیۆن و 300 ملیار دۆلار بێت  و 2.6%ی كۆی بەرھەمی ناوخۆیی جیھان پێكبھێنێت.

تەنیا لەمساڵدا قەرزی حكومی لە ئەمەریكا 3 ترلیۆن و ژاپۆن ترلیۆنێك و 750 ملیار دۆلار دەبێت، بەو جۆرەش بە دوو گەورەترین وڵات ھەژماردەكرێن لە جیھاندا كە زۆرترین قەرز وەردەگرن و نزیكەی 60%ی كۆی قەرزەكان پێكدەهێنن.

لە راپۆڕتەكەدا ھاتووە، دوای ئەمەریكا و ژاپۆن، پێشبینی دەكرێت چین لە پلەی سێیەمدا بێت و قەرزیان بە نزیكەی 636 ملیار دۆلار بێت، دواتر ھەریەك لە ئیتاڵیا، بەرازیل و فەرەنسا دێن، بەجۆرێك لەمساڵدا ھەر یەکێکیان 250 ملیار دۆلار قەرز وەردەگرن، بەو جۆرەش ھەر چوار وڵاتەكە نزیكەی 17%ی كۆی قەرزی جیھان پێكدەھێنن.

راپۆرتەكەی ستاندەرد ئاند پوورز گلوباڵ دەڵێت، پێشبینی دەكرێت 20 گەورە ئابووری تازەگەشە سەندوو  بۆ ئەمساڵ قەرزێك بەبڕی ترلیۆنێك و 620 ملیار دۆلار وەرگرن، بە زیادەیەك دەگاتە 4% بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، كە ئەوەش ئاستێكی بەرزە لە مێژووی قەرز وەرگرتندا.

ھ.م