پارێزگاری دهۆک جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەی ئاو و دابینکردنی 28 مینی پاسی راگەیاند
پارێزگاری دهۆک لە چوارچێوەی بەرنامەی بەردەوامی پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم شارۆچکە و ناحیەکان، سێ پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گەیاندە قۆناخی جێبەجێکردن.
ئەمڕۆ شەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند؛ پڕۆژەکان بریتین لە دابینکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی ناحیەی زاویتە و مانگێشکێ، هەروەها پڕۆژەی پەرەپێدانی تۆڕەکانی ئاو لە گەڕەکەکانی سەنتەری دهۆک.
هاوکات پارێزگاری دهۆک بڕیاریدا 28 ئۆتۆمبێلی جۆری مینی پاس بۆ گواستنەوەی فەرمانبەران و قوتابیانی سەنتەری ئۆتیزم و دەنگ و چوار پەیمانگەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابین بکرێت. ئەو پەیمانگەیانە بریتین لە هانا و هیوا و ئاوات و رووناکی، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانن و لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی پارێزگای دهۆک کار دەکەن.