لە ترسی کۆرۆنا دەیان خول و پاڵەوانێتی لە ئاسیا و ئەوروپا دواخران

یارییەکانی سێریا ئەی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوە دەچن

لە ترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەیان خول و پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی ئاسیا و ئەوروپا دواخران، خولەکانی ژاپۆن و کۆریای باشوور و کوێت لە ئاسیا بۆ کاتێکی دیکە دواخران، لە ئەوروپاش بڕیاردرا یارییەکانی هەفتەی داهاتووی سێریا ئەی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوە بچن.

ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر خول و پاڵەوانێتییەکانی جیهان، ئەم نەخۆشییە خەریکە دەبێتە بەربەست لە بەردەم سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی جیهان.
خولی ژاپۆنی نوێترین چالاکی وەرزشییە لە ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەستێنرا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ژاپۆنی تەنیا دوای بەڕێوەچوونی یەک گەڕ لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە بڕیاریدا بەڕێوەچوونی خولەکە دوابخات، کە لەوەتەی ساڵی 1996 یەکەمجارە خولەکە بەهۆی رووداوێکی تەندروستییەوە رابگیرێت.
پێشبینی دەکرێت بەلایەنی کەمەوە خولی ژاپۆنی تاکو رۆهی 15ی مانگی داهاتوو دەستپێنەکاتەوە، چونکە تاکو ئێستا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژاپۆن لەزیادبووندایە.

پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشووریش بەهەمان شێوە لە ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرجەم چالاکییەکانی هەڵپەسارد، وابڕیاربوو ئەم هەفتەیە وەرزی نوێی خولی کۆریای باشوور دەستپێبکات، بەڵام کۆرۆنا بەرپرسانی تۆپی پێی وڵاتەکەی ناچارکرد دەستپێکی خولەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخەن.
خگە لە خولی تۆپی پێ، پاله‌وانێتی تۆپی سەر مێزی جیهانیش دوادەخرێت، كه‌ بڕیاربوو رۆژانی 22 تاوه‌كو 29ی مانگی داهاتوو لە کۆریای باشوور بەڕێوە بچێت.
تاکو ئێستا 893 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە کۆریا تۆمارکراون و 60 کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆربەی پاڵەوانێتییە وەرزشییەکانی ئاسیای ئیفلیج کردووە، خولی کوێت و بەحرەین و عومان بۆ کاتێکی نادیار دواخراون و خولی نایابی ئێرانیش کێشەی تێکەوتووە و تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتە کە یارییەکان بەبێ هاندەر بکرێت یان بە ئامادەبوونی هاندەران، زۆربەی وڵاتەکانی ئاسیاش بڕیاریان داوە رێگا نەدەن هیچ یارییەکی خولی پاڵەوانەکان و جامی یەکێتی ئاسیا لە وڵاتەکانیان بەڕێوە بچێت وەکو خۆپارێزییەک لە ڤایرۆسەکە، بۆیە ئەگەر هەیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاش بۆ ماوەیەک خول و پالەوانێتییەکانی رابگرێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی ئەوروپاش بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر چالاکییە وەرزشییەکان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا داوای لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی کردووە یارییەکانی هەفتەی داهاتووی خولەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوە بچێت، لەکاتێکدا ئەم هەفتەیە چوار یاریی خولەکە دواخران.
فدیاسریۆنی تۆپی پێی ئەوروپاش بڕیاری دا یاریی ئینتەر میلان و لۆدۆگۆرێتس لە سان سیرۆ بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوە بچێت.

روپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی
روپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی