زێدان بۆ یارییه‌كه‌ی مان سیتی به‌ڵێنێكی گه‌وره به هانده‌رانی ده‌دات
زێدان: گواردیۆلا باشترین راهێنه‌ری جیهانه
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید به‌ڵێن به هانده‌رانی یانه‌كه‌ی ده‌دات سبه‌ی به‌رامبه‌ر مانچێسته‌ر سیتی ئاستێكی نایاب پێشكه‌ش بكه‌ن، گوتیشی: پێویسته هانده‌ران له‌م یارییه‌دا به هێز و وزه‌وه پاڵپشتیمان بكه‌ن.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 25 شووباتی 2020 له پرێس كۆنفرانسێكدا زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه گواردیۆلا باشترین راهێنه‌ری جیهانه، گوتیشی: گواردیۆلا له‌گه‌ڵ یانه‌كانی بارسێلۆنا، بایرن میونشن و مانچێسته‌ر سیتی كۆمه‌ڵێك نازناوی بردۆته‌وه، بۆیه به بۆچوونی من ئه‌و باشترین راهێنه‌ره.
زێدان گوتیشی: یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له چامپیۆنزلیگ له نێوان من و گواردیۆلا دا نییه، به‌ڵكو رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی نێوان ریال مه‌درید و مانچێسته‌ر سیتییه، دڵنیاشم یارییه‌كه زۆر به‌چێژ و خۆش ده‌بێت.
راهێنه‌ری ریال مه‌درید جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه متمانه‌ی به یاریزانه‌كان هه‌یه، ده‌شڵێت: حه‌ز له رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی مان سیتی ده‌كه‌م، یاریزانه‌كانیشم حه‌زیان له یارییه گه‌وره‌كانه، دڵنیام ده‌توانین ئاستێكی گه‌وره سبه‌ی پێشكه‌ش بكه‌ین، هانده‌رانیشمان شانازیمان پێوه ده‌كه‌ن.
له به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا زیزۆ گوتی: هه‌موومان به سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی پێكانه‌كه‌ی ئیدین هازارد دڵگرانین، به‌ڵام تیپه‌كه‌ی ئێمه به ته‌نیا پشت به یه‌ك یاریزان یان دوو یاریزان نابه‌ستێت، هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه به‌ره‌نگاری تیپه‌كان ده‌بینه‌وه و هیوازی زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ هازارد ده‌خوازین.
سبه‌ی چوارشه‌ممه، ریال مه‌درید له یاریگه‌ی بێرنابیۆ له كاتژمێر 11:00ـی شه‌و میوانداریی مانچێسته‌ر سیتی ده‌كات.