خوله‌كانی كوردستان له ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا دواده‌خرێن؟
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌ك له رێگه‌ی كوردستان24 بڵاو ده‌كاته‌وه
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وامی ناوه‌نده‌كانی خوێندن له هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌یه‌ك راگیرا، به‌ڵام یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.
دڵشاد ساڵح ئه‌ندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ كوردستان24 جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هیچ بڕیارێكیان له باره‌ی راگیرانی خوله‌كانی كوردستان نه‌داوه، دووپاتیشی كرده‌وه یارییه‌كانی گه‌ڕی شازده له واده‌ی خۆی به‌ڕێوه ده‌چن.
دڵشاد ساڵح ده‌شڵێت: خوله‌كانی كوردستان به‌رده‌وامی ده‌بن، به‌ڵام هه‌ركاتێك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی داوای وه‌ستاندنی خوله‌كانی لێكردین له پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی ئه‌وكات ئێمه‌ش خوله‌كان راده‌گرین.
له گه‌ڕی شازده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان رۆژی پێنجشه‌ممه 3 یاری به‌ڕێوه ده‌چن: (برایه‌تی ـ ده‌ربه‌ندیخان)، (دهۆك ـ سیروانی نوێ)، (پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ـ سۆران).
رۆژی هه‌ینی 3 یاری دیكه ده‌كرێن: (زاخۆ ـ هه‌ندرێن)، (نه‌ورۆز ـ زێره‌ڤانی)، (شێروانه ـ هه‌ولێر)، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له كاتژمێر 03:00ـی ئێواره ده‌بێت.