حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌للاوی لایه‌نه‌كان دابه‌ش ده‌كات

پێناچێت عه‌للاوی متمانه‌ وه‌رگرێت

K24- هه‌ولێر:

كوتلەیەكی گەورەی سوننەكان ھەڕەشەی بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەكات كە تایبەتە بە متمانەدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، ھاوپەیمانی ھێزە عێراقییەكان كە كوتلەیەكی سوننیە، گلەیی لە میكانیزمی پێكھێنانی كابیەنەكە ھەیە و ئامادەنیە دەنگی پێبدەن، شارەزایانی بواری سیاسی و ئەمنیش، پەراوێزخستنی سووننەكان لەلایەن كابینەی نوێوە بە مەترسی دەزانن و پێیان وایە كاردانەوەی مەترسیدار درووست دەكات لەلایەن ھاوڵاتییانی سووننەوە.

له‌مباره‌شه‌وه‌ دڵشاد وه‌سانی، چاودێری سیاسی ده‌ڵێت: سووننەكان تازە ھەست بە پەراوێزخستنی خۆیان دەكەن و بڕایارەكەشیان كاریگەری لەسەر پێكھێنانی حكومەت دەبێت.

له‌كاتێكیشدا كه‌ لە نوێترین ھەڵوێستیدا ھاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسای سەر بە نووری مالكی گلەییان لەسەر میكانیزمەكانی پێكھێنانی حكومەت ھەیە و ئامادەنین دەنگی پێبدەن، عادل كاكه‌یی، شارەزای بواری ئەمنی و سه‌ربازی باس لەو مەترسییانە دەكات، كە بەھۆی پەراوێزخستنی سوننەكان لەلایەن كابینەی نوێوە ئەگەری روودانیان ھەیە.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، كوردیش ھێشتا بڕیاری بەشداریكردنی نەداوە، چاوەڕێی وەڵامی عەللاوییە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی، عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراویش لیستی ناوی وەزیرەكانی ئاراستەی پەرلەمانی عێراق كردووە، بەركەوتە وزارییەكانی كوردی بە بەتاڵی ھێشتوەتەوە.

H.B