لەوانەیە لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ هەڵبوەشێتەوە و لیڤەرپوول خەونەکەی نەیەتە دی

هاندەرانی لیڤەرپوول دوای 19 ساڵ لە نازناوەکە نزیکە کەچی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە خۆشییەکەی هاندەرانی تێکدەدات

ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە خەونێکی 30 ساڵەی هاندەرانی لیڤەرپوول لەگۆڕ دەنێت و دەبێتە هۆی ئەوەی یارییەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ هەڵبوەشێنرێتەوە، کە بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف ئەگەر ئەمە رووبدات نازناوی خولەکە بە لیڤەرپوول نادرێت لەکاتێکدا بە جیاوازیی 22 خاڵ لەپێشەوەی مانچێستەر سیتی دووەم دێت.

هەموو بیر و خەیاڵی هاندەرانی لیڤەرپوول لەلای ئەوەیە لە کۆتایی ئەم وەرزە بە چ شێوازێک بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ ئاهەنگ بگێڕن، کەچی لەوانەیە یۆرگن کلۆپ و یاریزانەکانی سەرەڕای ئەوەی 27 گەڕیان بەبێ دۆڕان تێپەڕاندووە، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستبەتاڵ بمێننەوە.
رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی ئاشکرایکردووە، بەهۆی زیاتر تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی هەیە حکومەتی بەریتانیا یارییەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر ئەمەش رووبدات نازناوی ئەم وەرزە بە لیڤەرپوول نادرێت و سەرجەم ئەنجامەکانی ئەم وەرزە دەسڕێنەوە، لەکاتێکدا لیڤەرپوول لە کۆی 27 گەڕ 26 بردنەوە و بەرامبەربوونێکی بەدەستهێناوە و لە پێشەنگی خولەکە بە کۆکردنەوەی 79 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە و 22 خاڵ لە مانچێستەر سیتی دووەمەوە دوورە.
یۆرگن کلۆپ لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیگەرانە، بەڵام رەتیدەکاتەوە مەترسی لەسەر یارییەکانیان هەبێت و لەمبارەیەوە دەڵێت 'من پێموایە ڤایرۆسی کۆرۆنا کیشەی یاریی تۆپی پێ نییە، بەڵکو کیشەی کۆمەڵگایە ئێمە هیچمان لەدەست نایەت، هیوادارم زانایەکان بە زووترین کات چارەسەری ئەم نەخۆشییە بدۆزنەوە، ئێمە رێگری لە کەس ناکەین تەوقە بکات، کەس بە ئێمەی نەگوتووە یارییەکانمان بوەستێنین، ئێمە بە جددی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دەکەین، بەڵام مامەڵەیەکی شێتانەش ناکەین'.

لیڤەرپوول لەوەتەی ساڵی 1990 نازناوی پرێمەرلیگی بەدەست نەهێناوە، هاندەرانی لیڤەرپوول چاویان لەوەیە یانەکەیان بەبێ دۆڕان نازناوەکە بباتەوە و ریکۆردی ئارسێناڵ هاوتا بکاتەوە، بەڵام پێویستە هاندەرانی رێدز تاکو 11 گەڕی دیکە چاوەڕێ بکەن بۆ ئەوەی یارییەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ کۆتایی بێت، لەکاتێدا تاکو ئێستا 16 کەس لە بەریتانیا تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و سەرپەرشتیارانی سێریا ئەی و لالیگا بیر لەوە دەکەنەوە یارییەکان بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوە ببەن.