كۆرۆنا زیان بە سەرجەم جوومگە ئابوورییەكان دەگەیەنێت

راپۆرتێك: پێشبییەكان بۆ گەشەی ئابووری جیھان دابەزیووە

K24 - ھەولێر

ئابووری جیھان  لەبەردەم چەندین سیناریۆی مەترسیدارە و ئەو گورزەی كە لەلایەن ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەریدەكەوێت، رۆژ بە رۆژ روونتر دەردەكەوێت، ھەر بۆیە سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی رێوشوێنی پێویست بۆ ھاوكاریكردنی ئەو وڵاتانە دەگرێتەربەر، كە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەیان لەلایەن داراییەوە كەمە.

بەگوێرەی ئەنجوومەنی گەشتوگوزاری جیھانیش، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە، زیانەكان بۆ  73 ملیار دۆلار زیاتر دەبن.

بەگوێرەی راپۆڕتێكی ئۆكسفۆرد ئیكۆنۆمیكس، دەردەكەوێت كاریگەرییە نەرێنییەكان لەسەر ئابووری جیھان بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رۆژ بە رۆژ روونتر دەردەكەون، بەو پێیەی كە تاوەكو ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 40 وڵات، بۆ ئەو مەبەستەش بانكە ناوەندییەكان دەستیان بە ناردنی ئاماژە و ھۆشدارییە نەرێنییەكان كردووە.

كریستین لاگارد، سەرۆكی بانكی ناوەندی ئەوروپا رایگەیاند، ئەو قەیرانەی كە ئێستا ھەیە، ھێشتا پێویستی بە دەستێوەردانی نەختینەیی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەگەری فراوانبوونی بازنەی كاریگەرییە نەرێنییەكان، دەبێت وەڵامی پێویست ئامادەبن، چونكە ئامارەكان دەریدەخەن كاریگەرییە نەرێنییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووری جیھان، زۆر زیاترە لە ڤایرۆسی سارس، و زۆرترین ئەو كەرتانەی كە بوونەتە قوربانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كەرتی گەشتیاری  گواستنەوە، بۆڕسە و بازاڕی كاڵاكان بەتایبەتی كاڵا گرانبەھاكان.

ئەنجوومەنی گەشتوگوزاری جیھان باس لەو زیانانە دەكات، كە بەر كەرتەكان كەوتووە و بەنزیكەی 22 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، هەروەها لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ئەوە زیانەكان دەگەنە 73 ملیار دۆلار.

ھاوكات سەرچاوەكان لە سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی جەختی لەوەكردووەتەوە، ئێستا سەرقاڵی خوێندنەوەن بۆ بەرنامەكانی ھاوكاریكردنی ئەو وڵاتانەن كە توانای داراییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نییە، كە خۆی لە قەرزی بەپەلە و متمانەكردن بە بانكەكان لە كاتی پێویست دەبینێتەوە.

سەبارەت بە كۆمپانیا ئەوروپییەكان كە لە چیندا كاردەكەن، پێشبینیدەكرێت كارەكانی لە وەرزی یەكەمی ئەمساڵ بەرێژەی سەدا 10 داكەوتن تۆماربكات ، ھەر بۆیە لە ئێستاوە رێوشوێنی پێویست بۆ ستراتیژییەتی ھەر كۆمپانیایەك گیراوەتەبەر، بەتایبەت ئەوانەی كە وەبەرھێنانی درێژ مەودا دەكەن.

بەگوێرەی راپۆڕتێكی ژووری بازرگانی ئەوروپا، كۆمپانیاكان لە سەرجەم كەرتەكاندا بێ جیاوازی كاریگەری نەرێنیان كەوتووەتە سەر و راپرسییەكی بەپەلە لەسەر 600 كۆمپانیا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە كە سەدا 46 یان پێشبینییەكانیان بۆ 2020 دابەزاندووە، بەو پێیەی كە تەنیا لە دوو مانگدا كارەكانیان بەرێژەی 10% دابەزیوە و 56%ی كۆمپانیاكانیش دووچاری كەمی خواست بوونەتەوە، بەتایبەت لە كەرتەكانی ئۆتۆمبێل و ئەلیكترۆنی و كیمیاویی، بەو جۆرەش ڤایرۆسی كۆرۆنا لاوازی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکان بەرامبەر بە جموجۆڵی بازرگانی نێودەوڵەتی دەرخستووە.