چەند رێنماییەك لەبارەی نوێژی ھەینی دەدرێت

ئەنجومەنی باڵای فتوای ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای فتوای ھەرێمی كوردستان لە ھەولێر كۆببێتەوە و چەند رێنماییەك لەبارەی نوێژی ھەینی و نوێژی بە كۆمەڵ لە مزگەوتەكان بدات، ئەمەش وەك خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

مەلا نیاز راغب، بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فتوای ھەرێمی كوردستان لە میانی بەشداریكردن لە بەرنامەی رۆژباشی كوردستان24 رایگەیاند: "بە مەبەستی دەركردنی چەند رێنماییەك لەبارەی ئەنجامدانی نوێژی رۆژی ھەینی و نوێژی بە كۆمەڵ، لەپێناو خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای فتوای ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە".

روونیشی كردەوە: "رێنماییەكان بۆ ئەوە نییە كە نوێژی ھەینی ئەنجامنەدرێت، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە نوێژی ھەینی ئەنجامبدرێت و رێنماییەكان لەبەرچاو بگیرێن، نوێژی ھەینی قەدەغە ناكرێت".

مەلا نیاز، ئاماژەی بەوەشدا: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی فتوای ھەرێمی كوردستان، ھەڵوەستە لەسەر مەولود و كۆبوونەوە ئاینییەكان دەكرێت".

راشیگەیاند: "بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆژانە پەیوەندیی لەنێوان زانایانی ئاینی ئیسلامی ھەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەكە ھەیە".