ڕاگه‌يه‌نراوى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و لايه‌نه سياسييه‌كان
پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراقیان تاوتوێ كرد
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 4/3/2020 به سه‌رپه‌رشتیی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونی جێگرانی سه‌رۆكی هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانی به‌شدار له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ولێر، ئه‌نجام درا.
كۆبوونه‌وه تایبه‌ت بوو به هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی سیاسیی عێراق دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی فیدرالی عێراق و هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت.
سه‌ره‌تا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی لایه‌نه سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی كرد، بۆ يه‌كهه‌ڵوێستییان له مامه‌ڵه‌كرن له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای عێراقدا و جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه، كه پارێزگاری له‌م یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستییه بكرێت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیش وه‌ك چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌رك و مافه‌كان پشتگیر و پارێزه‌ری ئه‌م يه‌كڕيزى و يه‌كهه‌ڵوێستييه ده‌بێت.
كۆبوونه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر په‌رۆشیی هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق كرده‌وه و هه‌موو هاوكاری و پشتگیرییه‌كی بۆ هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ری و ده‌ربازكردنی عێراق له كێشه و قه‌یرانه‌كان له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه و دابینكردنی مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق، كرده‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دووپات كرایه‌وه، كه لایه‌نه كوردستانییه‌كان وه‌ك هه‌میشه به‌شێك ده‌بن له چاره‌سه‌ر و له‌م پێناوه‌دا هه‌موو توانايه‌ك ده‌خه‌نه گه‌ڕ، هه‌روه‌ها هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان ئاماده‌یيی خۆیان دووپات كرده‌وه، بۆ چوونه‌ناو پرۆسه‌ی گفتوگۆیه‌كی گشتگيرى نیشتمانیانه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی ئاینده، به شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داوا ڕه‌واكانى تێكڕاى گه‌لى عێراق بێت، تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه و قه‌يرانه‌كانى وڵاتى هه‌بێت، ببێته مايه‌ى ڕه‌زامه‌نديى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق و مافه ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دابين بكات.
H.B