زینه‌دین زێدان: له چاره‌نووسی خۆم له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید دڵنیا نیم
زێدان له باره‌ی وه‌رگرتنی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یوڤێنتۆس چۆن وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ریال بێتس جه‌خت له‌سه‌ر قورسی یارییه‌كه ده‌كاته‌وه و ده‌شڵێت: ئه‌گه‌رچی ئه‌م وه‌رزه یانه‌ی بێتیس رووبه‌ڕووی چه‌ندان ئه‌نجام خراپ بووه‌وه‌ته‌وه، به‌ڵام یاریكردن به‌رامبه‌ر ئه‌م تیپه ئاسان نییه و پێویسته له ڕووی ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌وه به ته‌واوه‌تی ئاماده‌بین ئه‌گه‌رنا ئه‌نجامه‌كه به‌دڵی ئێمه نابێت، چونكه ده‌بێت یاریزانه‌كان بزانن سبه‌ی له یاریگه‌یه‌كی قورس یاری ده‌كه‌ین.
زینه‌دین زێدان گوتیشی: ئێمه ئێستا له دۆخی خۆمان تێده‌گه‌ین و ده‌زانین له چی پله‌یه‌ك داین و نامانه‌وێت پێشه‌نگ له‌ده‌ست بده‌ین.
زێدان له به‌رسیڤێكی دیكه‌ی رۆژنامه‌نووساندا ڕه‌تی كرده‌وه كه یانه‌ی یوڤێنتۆس په‌یوه‌ندی پێوه كرد بێت بۆ ئه‌وه‌ی له وه‌رزی داهاتوو ئه‌ركی راهێنانی ئه‌و تیپه وه‌ربگرێت، زیزۆ گوتیشی: گرینگی به‌و شتانه ناده‌م كه له ده‌ره‌وه ده‌گوترێت، من ئێستا له یانه‌یه‌كی گه‌وره ده‌ژیم و ژیان لێره بۆ من شانازییه و هه‌ست به دڵخۆشی ده‌كه‌م.
زیزۆ ده‌شڵێت: له ئێستادا یانه‌كه‌م به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتیم ده‌كه‌ن، به‌ڵام ناشزانم له داهاتوو چی رووده‌دات و بێگومان هیچ گره‌نتییه‌ك نییه و له چاره‌نووسی خۆم دڵنیام نیم، به‌س هه‌ست به پشتگیری سه‌رۆك و ئیداره‌ی یانه‌كه ده‌كه‌م.
زیزۆ له باره‌ی پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی ده‌ڵێت: سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانم هه‌وڵده‌ده‌ن له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یاری بكه‌ن، چونكه هه‌موویان شایسته‌ی یاریكردنن، هه‌ڵبژاردنی یاریزانه‌كانیش بۆ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی كارێكی زۆر سه‌خت و قورسه، به‌ڵام هیچ یاریزانێك لای من له یاریزانێكی دیكه گرینگتر نییه و هه‌موویان نرخ و پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌یان له تیپه‌كه هه‌یه.
زیزۆ دڵخۆشی خۆی به‌و ئاسته‌به‌رزه‌ی مارسێلۆ ده‌ربڕی، له‌مباره‌یه‌وه گوتی: مارسێلۆ له كلاسیكۆ ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد و پێویسته به‌رده‌وام بێت.
زیزۆ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه هازارد به‌هۆی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی بۆی كراوه زۆر دڵته‌نگه، چونكه ده‌زانێت له یاریكردن دووری ده‌خاته‌وه.
له كۆتایی قسه‌كانیدا زیزۆ ڕه‌تی كرده‌وه قسه له باره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات، له‌مباره‌یه‌وه گوتی: قسه‌كردن له باره‌ی ئه‌و ڤایرۆسه ئیشی من نییه، چونكه ئه‌و بواره نییه كه من تێیدا شارهزام، بۆ زانیاری و رێنمایی له باره‌ی ئه‌و كۆرۆنا گوێ له‌و كه‌سانه ده‌گرم كه شاره‌زان و به قسه‌یان ده‌كه‌م.