سێتیێن: بە هاوکاری سیستەمی ڤار لە ریال سۆسیدادمان بردەوە
سێتیێن: دڵخۆشبووم بەوەی لە ریال سۆسیدادمان بردەوە چونکە ئەوان لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ریال مەدریدیان بردەوە
کیکێ سێتیێن دوای بردنەوەکەیان لە ریال سۆسیداد دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت لەم وەرزە سۆسیداد لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ریال مەدریدی بردەوە، دان بەوەشدا دەنێت کە بە هاوکاریی سیستەمی ڤار سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
کیکێ سێتیێن، راهێنەری بارسێلۆنای ئیسپانی دوای بردنەوەیان لە ریال سۆسیداد کە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتن، گوتی 'ئێمە چاوەڕێی یارییەکی سەختمان دەکرد، چونکە ریال سۆسیداد شەش بردنەوەی لەسەر یەکی بەدەستهێنابوو، لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ ئەوان لە ریال مەدریدیان بردەوە و گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، چوار پێنج یاریزانی نایابیان هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە بە هاوکاریی سیستەمی ڤار بردنەوەمان بەدەستهێنا، ڤار سێ خالی بۆ ئێمە کردە دیاری.
ئێستا ئێمە بە شیوەیەکی کاتی پیشەنگی لالیگاین و چاوەڕێی یارییە بەهێزەکەی ریال مەدرید دەکەین'.
هەروەها گوتیشی 'پیکێ ئاستێکی بەرزی لە یارییەکە پیشکەش کرد و پێموایە باشترین بەرگریکاری جیهانە، من هەمیشە حەز دەکەم بە ئاسوودەیی یارییەکان ببەینەوە، بەڵام یارییەکان دەگەڕێتەوە سەر تیپی بەرامبەر، پێموایە دوای دۆڕانمان لە کلاسیکۆ گرنگ بوو بەم ئاساتە بگەڕێینەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن'.