بەهۆی ئاژاوەی هاندەرەکانی یانەی هەولێر بە قورسی سزادرا
تا کۆتایی ئەم وەرزە هاندەرانی یانەی هەولێر لە یارییەکانی یانەکەیان بێبەش دەبن
لێژنەی سزاکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەهۆی ئاژاوەی هاندەرانی لە یاریی رابردووی یانەکە، بە قورسی سزای یانەی هەولێری دا.
لێژنەی سزاکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا بەهۆی ئەو شەڕ و ئاژاوەی لە یاریی نێوان هەولێر و سناعات کارەبا لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی عێراق روویدا، یانەی هەولێر بۆ سێ یاریی داهاتووی لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی بکات، تاکو کۆتایی ئەم وەرزەش یانەکە لە هاندەرانی بێبەش دەبێت و هاندەرانی یانەکە ناتوانن لە یارییەکانی یانەکەیان ئامادە بن، لێژنەکە بڕیاریشیدا یانەی هەولێر بە بڕی 10 ملیۆن دینار سزا بدات.
لێژنەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریشیدا، سوبحی کاملی سەرپەرشتیاری یارییەکە بەهەۆی رێگەدان بە ئامادەبوونی هاندەران تاکو کۆتایی ئەم وەرزە سڕ بکات.
دوای کۆتایی هاتنی یاریی هەولێر و سناعات کارەبا لەکاتێکدا دەبووایە یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بکرابا، بەڵام سەدان هاندەری یانەی هەولێر لە یارییەکە ئامادەبوون و دوای یارییەکەش هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر دەستەی ناوبژیوانی یارییەکە و رەخنەیان لە بڕیارەکانی ناوبژیوان هەبوو.