ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بەکارهێنانی کحولی دەستکرد له ئێران 20 کەسی تێپەڕاند
دەنگۆی ئەوه بڵاوبۆتەوه گوایه کحول له کۆرۆنا دەیانپارێزێت
K24 – ههولێر:
راگەیاندنەکانی ئێران بڵاویان کردەوه، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بەکارهێنانی کحولی دەستکرد له شاری "ئەهواز"ی ئێران گەیشته 20 کەس. له شاری "کەرەج"یش 7 کەس هەر بەم هۆیه گیانیان لەدەستداوە.
به گوتەی سەرچاوه تەندروستییەکانی شاری ئەهواز، 218 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی دەستکرد لەم شاره ژەهراوی بووبوون و باری تەندروستی هەندێکیشیان تێکچووبوو. دوێنێ 7 کەس بەم هۆیه گیانیان لەدەست دا و ئەمڕۆش ژمارەی قوربانیان گەیشته 20 کەس.
ماوەیەکه له ئێران دەنگۆی ئەوه لەناو خەڵک بڵاوبۆتەوه گوایه کحول له کۆرۆنا دەیانپارێزێت.
بەهۆی قەدەغەبوونی خواردنەوه کحولییەکان له ئێران، خەڵکێکی زۆر لەم وڵاته خۆیان دروستی دەکەن و بەهۆی ناتەندروست بوونی ئەم کحوله دەستکردانه، ساڵانه دەیان کەس له ئێران دەبنه قوربانی.