زانکۆیەكی هۆڵەندا دەرمانی بەرگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدۆزێتەوە

دەرمانەکە وەک گولاج وەردەگیرێت

K24 - هۆڵەندا

هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەموو ناوەندە زانستییەکان لە جیهاندا بەردەوامە، لەدوا هەوڵی بەشی زانستە ڤایرۆسەکانی هەردوو زانکۆی وترێخت و بەشی پزیشکی زانکۆی ئێراسموسی رۆتەردام لە هۆڵەندا، دوای توێژینەوەی بەردەوام دەرمانێکیان تاقیکردووەتەوە و توانیویانە سەرکەوتن بەدەست بهێنن و ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ بووە.

د. برێند یان بۆش، لە بەشی زانستە ڤایرۆسەکانی زانکۆی وترێخت بە کەناڵی 1ی هۆڵەندای راگەیاندووە، کە لەسەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەبێ وەستان بەردەوام بوون لە توێژینەوەو تاقیکردنەوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ ئەو ڤایرۆسە، بە گەڕانەوە بۆ سارسی ڤایرۆسی کۆرۆنای ساڵی 2003 و دۆزینەوەی لە یەکچووەکانی ڤایرۆسە کۆنەکە لەگەڵ ئەو ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێیە. هێنانی دەرمانە کۆنەکە و کارکردن لەسەری تا گەیشتن بەو ئەنجامەی کە لە تاقیکردنەوکەدا دەرکەوتووە، دەرمانەکە وەک گولاج وەردەگیرێت و دەبێتە هۆکاری راگرتنی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا و دروستکردنی بەرگری لەش لەدژی ڤایرۆسەکە، بە واتایەکی تر گەر یەکێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت هێندەی ئێستا کاریگەری و مەترسی لەسەر نابێت.