33 گەنجی کورد لە لیبیا گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان
بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 33 گەنجی کوردی دەستبەسەرکراو لە وڵاتی لیبیا رزگار کران و بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 33 گەنجی کورد لە وڵاتی لیبیا رزگار کران. ئەوان پێشتر دەستبەسەر و بێسەروشوێن ببوون و ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026 بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، شوێنی گەنجەکانی دەستنیشان کرد. دوای رێکارەکانی ئازادکردن لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، توانرا بگەڕێندرێنەوە. بەشێک لەو گەنجانە زیاتر لە یەک مانگ بوو لە بەندیخانەکانی لیبیادابوون و لە بارودۆخێکی سەختدا رووبەڕووی مەترسی گیانلەدەستدان ببوونەوە.
دوای گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تیمە تەندروستییەکان پشکنینی پزیشکیی پێویستیان بۆ کردن و دواتر رادەستی کەسوکاریان کران. بە گەڕاندنەوەی ئەم 33 کۆچبەرە، ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکوو ئێستا لە وڵاتی لیبیاوە رزگار کراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، گەیشتە 335 کەس.
لە لایەکی دیکەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە هەشت مانگی رابردوودا رێژەی کۆچکردن لە عێراق بە رێژەی %37 بۆ %53 کەم بووەتەوە.