مێركڵ چەندین رێنمایی توند رادەگەیەنێت

یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە

K24 - ھەولێر

لە چوارچێوەی بەرەنگاربووەنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، راوێژكاری ئەڵمانیا چەندین رێنماییەكی تووند لەسەر چالاكییەكانی گوزەران لە ئەڵمانیا رادەگەینێت.

ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ رێگریگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ناچار كۆمەڵە رێنماییەكی تووند لەسەر چالاكییە جۆراوجۆرەكان لە وڵاتەكەی رابگەیەنێت. 

مێركڵ ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەم فرۆشگا بازرگانییەكان بێجگە لە فرۆشگاكانی خۆراك بڕیاری داخستنیان دراوە، ھەروەھا رێنمایی تووند لەسەر شێوازی كاركردن لە رێستۆڕانتەكانیش دانراوە، ئەوە جگە لە شوێنە رۆشنبیرییەكان و كەمكردنەوەی گواستنەوە لە ناو و دەرەوەی وڵات، پابەندبوون بەو رێنماییانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە سەختەی كە ئێستا بەرۆكی جیھانی گرتووە.

جەختیشیكردەوە كە جی20 بەھەماھەنگی رێككەوتوون كە رێوشێنی پێویست بگرنەبەر بەو ئامانجەی بەرووی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوەستنەوە.