ئامادەکاری بۆ 19ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک دەستیپێکرد

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک 19ـەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی ترێ و هەنگوین ساز بکات. بەرپرسانی کشتوکاڵی دەڵێن ئەمساڵ بەرهەمەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو گەشەیەکی بەرچاویان کردووە.

موسڵح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک رایگەیاند، کە فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ جیاواز دەبێت و تەنیا یەک رۆژ نابێت، بەڵکو بۆ ماوەی دوو تا سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. ئامانج لەم کارەش رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران تا بتوانن بەرهەمە ناوخۆییەکان ببینن و بیکڕن، کە ئەمەش هاوکارییەکی گەورەی جوتیاران دەکات لە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان.

سەبارەت بە ئاماری بەرهەمەکان، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمی ترێ گەیشتووەتە 80 هەزار تۆن، کە 20 هەزار تۆن لە ساڵی رابردوو زیاترە. هەروەها بەرهەمی هەنگوین بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە و لە 88 تۆنەوە بۆ 300 تۆن زیادیکردووە.

جێی ئاماژەیە، ساڵانە پارێزگای دهۆک بە ترێ و هەنگوینی کوالێتی بەرز بەناوبانگە و ئەم فێستیڤاڵە بووەتە نەریتێکی ساڵانە بۆ هاندانی جوتیاران و هەنگەوانانی ناوچەکە و ناساندنی بەرهەمەکانیان بە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوە.