ئیتاڵیا یادی یەکگرتنی 159 ساڵەی بە بێدەنگی دەکاتەوە
ئیتاڵییەکان لە بۆنە و ئاهەنگەکان بێبەشن
K24 – ئیتاڵیا:
ئەمڕۆ یادی 159 ساڵەی یەکگرتنی ئیتاڵیایە، ساڵانە بە رێوڕەسم و چەندین چالاکی جۆراوجۆری فەرمی یادەکە دەکرایەوە و ئەنجام دەدرا. ئەمساڵ بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کە ئیتاڵیا رێوشوێنی تەندروستی و خۆپارێزی گرتۆتەبەر و داخراوە، بۆ رێگەگرتن لەتەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە، تەنیا بە باسکردن و ناوهێنانی یادەکە دەكرێتەوە.
بۆ یادی 159 ساڵەی یەکگرتنی ئیتاڵیا، ئەنتۆنیۆ کۆنتێ، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە وتەیە و لە رێی هەژماری فەیسبووکەوە رایگەیاند: ''هیچ کاتێک وەک ئەمڕۆ ئیتاڵیا پێویستی بەیەکگرتویی نەبووە، با ئاڵای ئیتاڵیا بە سەربەرزییەوە و بەیەکەوە بشەکێنینەوە، بە دەنگی بەرز و سەربەرزیەوە، سروودی نیشتیمانی بڵێینەوە، بە یەکگرتوویی، بەهەموو توانامانەوە و بەیەکەوە، ئەم دوژمنە نەبینراوە، لە ناو ببەین".
دەشڵێت: "لەم 159 ساڵەدا، ئیتاڵیا دووچاری هەزارەها کێشە بووەتەوە، وەک شەڕی جیهانی و رژێمی فاشی، بەڵام سەربەرزانە هەمیشە توانراوە، بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکاندا سەرکەوتوو بێت''.
بەر لە 159 ساڵ، لە رۆژی 17ـی ئاداری 1861، لەلایەن ڤیتۆریۆ ئێمانوێللێی دووەمی ساڤۆیا، یەکگرتنی ئیتاڵیا راگەیەندرا و رۆماش لەساڵی 1870هاتە ناو یەکگرتنەکەوە و دوای ساڵێک بە پایتەختی ئیتاڵیای یەکگرتوو ناسێندرا.
H.J