چین سێیەم رۆژی بەبێ هیچ حاڵەتێکی تووشبوون به کۆرۆنا بەڕێکرد

هەموو تووشبووه نوێیەکان له دەرەوە گەڕاونەتەوه

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ چین سێیەم رۆژی بەبێ تۆمارکردنی هیچ حاڵەتێکی نوێی تووشبوون به کۆرۆنا لەسەر خاکی خۆی بەڕێکرد. ئەو ژماره نوێیانه تۆماریش کراون، ئەو هاووڵاتیانەن که له دەرەوە گەڕاونەتەوه.

لێژنەی تەندروستیی نیشتمانیی چین ئەمڕۆ رایگەیاند، 41 تووشبووی نوێ تۆمارکراوه که هەموویان له دەرەوه گەڕاونەتەوه و بەمجۆرەش ژمارەی تووشبوونی گەڕاوەکان گەیشتووەته 269 کەس.

به گوتەی لێژنەکه، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا گەیشته 81008 کەس. دوایین ئاماری گیانلەدەستدانیش به زیادبوونی 7 کەسی دیکه، گەیشته 3255 و هەموو قوربانییه نوێیەکانیش له ناوچەی هوبی تۆمارکراون.

هەر لەم ماوەیەدا 561 کەسیش بەتەواوی چاکبوونەتەوه و بەمجۆره ژمارەی چارەسەرکراوان 58942 کەسی تۆمارکرد.

سەرچاوه: reuters

 

K.S