گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: دابینکردنی گوزەرانی ژیانی هاووڵاتیان لە پێشینەی ئەرکەکانی حكومه‌ته‌

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: ئەم رەوشەی هاتووەتە پێش نەکرێتە کەرستەی موزایەداتی سیاسی

K24 - هه‌ولێر:

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت "حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایەو کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان". 

گوته‌بێژی حكومه‌ت له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابووری کرد و هەرێمی کوردستان بەدەر نیە لەو دۆخە نەخوازراوە.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) مووچەیان وەرگرتوە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین کرابوو".

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

"روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابووری کرد و هەرێمی کوردستان بەدەر نیە لەو دۆخە نەخوازراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیاندا هەموو تواناکانی لە پێناو رووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە خستووەتەگەڕ و هاووڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە پاراستنی گیانیان ودابینکردنی گوزەرانی ژیانیان لە پێشینەی ئەرکەکانیدایە.

سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) مووچەیان وەرگرتوە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین کرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر چاوەرێی هاتنی تەمویلەکەی بەغداین، هەرکاتێک گەیشت، راستەوخۆ دەست دەکەین بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت.

سەرجەمی مووچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە 894 ملیار دینار، لەو بڕە 453 ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی 51٪ کۆی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیە و ڕاگیرانی دەوامەوە لەبەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستە بەرێز وەزیری دارایی وئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی  حکومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان.

حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایەو کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان.  سوپاسی هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەکەین کە تاکو ئێستا بە سەبر بوونە لەگەڵمان. ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا هاوکاری یەکتر بین تاکو هەموو پێکەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی زاڵ ببین. بۆیە چاوەڕوانین گشت لایەنەکان واقیعیانە دۆخەکە لێکبدەنەوە و ئەم رەوشەی هاتووەتە پێش نەکرێتە کەرستەی موزایەداتی سیاسی. ئەم هەرەشەیە تەنیا لەسەر حکومەت یان لایەنێکی سیاسی نیە، گشتمان پێکەوە ئامانجی ئەم پەتایە و لێکەوتە نەرێنیەکانین، بۆیە پێکەوەش دەتوانین بەسەر ئەم مەترسیە زاڵ ببین.

د. جوتیار عادل

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

26ی ئاداری 2020"