پارەی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە گەیشتە ھەولێر
بەڕێوبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ئاشكرای دەكات
K24 - ھەولێر
بەڕێوبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "بڕی 453 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە هەولێر".
عابد ساڵح، بەڕێوبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راشیگەیاند، لە رۆژی یەكشەممەی داھاتووەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەتوانێت پارەكە لە بانك وەرگرێت.
ئەمڕۆ جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد: "چاوەرێی هاتنی تەمویلەکەی بەغداین، هەرکاتێک گەیشت، راستەوخۆ دەست دەکەین بە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت".
لە رۆژانی رابردوودا وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان، مووچەی وەزارەتەکانی پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆی دابەشكردووە.
وەك گوتەبێژی حكومەتی ھەرێم روونیكردووەتەوە، سەرجەمی مووچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە 894 ملیار دینار، لەو بڕە 453 ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەکرێت.