رووسنەفت بۆ خۆپاراستن لە سزاکانی ئەمەریکا ھەنگاو دەنێت
رووسنەفت کارەکانی ڤەنزوێلای بە کۆمپانیایەکی رووسی دەفرۆشێت
K24 - ھەولێر
کۆمپانیای رووسنەفتی رووسی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە سەرجەم کارەکانیان لە ڤەنزوێلا راگرت، سەرجەم قەواڵەکانیشیان لە وڵاتەکە فرۆشتووە.
کۆمپانیای روسنەفت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سەرجەم کارەکانیان لە ڤەنزوێلا بەکۆمپانیایەک فرۆشتووە کە بە رێژەی لە 100% سەر بە حکوومەتی رووسیایە.
ئەو هەنگاوەی کۆمپانیای رووسنەفت دوای ئەو گوشارەکانی ئەمەریکا دێت بۆ سەر رووسیا، کە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڤەنزوێلا رابگرن، کە ئەو کەرتە بە شادەماری داهاتی حکوومەتەکەی نیکۆڵاس مادورۆ دادەندرێت.
کۆمپانیای رووسنەفت ماوەیەکی درێژە لە لایەن ئیگۆر سێچین بەڕێوەدەبرێت، کە هاوکاری سەرەکی فلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیایە، و شڕۆڤەکاران دەڵێن، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەی رووسیا لە سزاکانی ئەمەریکا بپارێزێت و مۆسکۆش بەردەوام بێت لە پاڵپشتی کردنی نیکۆڵاس مادورۆ.