داواكارى گشتى له بارهى دهنگۆى 250 ملیۆن دۆلارهكهى رۆسنهفت داواى بهڵگه دهكات
لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت لیژنەیەك پێكھنرا
K24 - ھەولێر
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەكی بۆ بەدواداچوون لە دەنگۆی ئەو (250) ملیۆن دۆلارەی کە گوایە کۆمپانیای روزنەفت داویەتی بە لایەنێک، پێكھێنا و داوا دەكات ھەر كەسێك بەڵگەی لایە بیخاتەڕوو.
دەقی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان:
لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزدار (مەسرور بارزانی) لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی بەڵگە و راستیەکان پێکهێندرا بۆ بەدواداچوون لە دەنگۆی ئەو (250) ملیۆن دۆلارەی کە گوایە کۆمپانیای روزنەفت داویەتی بە لایەنێک و ئەو یەک ملیار دۆلارە کە گوایە لە بانکێکی لوبنانە و چەند رۆژێکە لە دەزگاکانی راگەیاندن باسدەکرێ، داوا دەکەین هەر لایەنێک بەڵگەی پێویستی لایە پێشکەش بەم لیژنەیەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بکات، بە مەبەستی پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی لە رێگەی ئیمێل و ژمارەی مۆبایلی پەیجەکەمان. بە پێچەوانەوە هەر لایەنێک، یان کەناڵێکی راگەیاندن، یان کەسێک بەبێ بەڵگە ئەم بابەتە بوروژێنێت رێککاری یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر.