راگەیەندراوێك لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە

تایبەتە بە مینحەی كەسوكاری شەهیدان

K24- هەولێر:

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەسوكاری شەهیدانی شاری كەركووك دڵنیا دەكاتەوە، كە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە هەوڵدان بۆ ئەوەی مووچەكانیان بۆ بنێرێت.

راگەیەندراوی وەزارەتی شەهیدان:

راگەیەندراوێك لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەبارەت بە مینحەی کەسوکاری شەهیدانی پارێزگای کەرکووك.

بەهۆی رێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێم، سەبارەت بە مینحەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سنووری بە بەڕیوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکووك، لە ئێستادا وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی رێکاری پێویستن، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بۆ پێدانی موچەکانیان لە ناو شاری کەرکووك.

هەروەها مینحەی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان وەك ئەو خشتەیەی راگەیەندراوە لە ڕۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

سوپاسی دەزگا ئەمنییەکان و لیژنەکانی پارێزگا و قایمقامییەت و بانکەکان دەکەین، کە هاوکار بوون لە وەرگرتنی مینحەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

خودا کوردستان و هەموو لایەك بپارێزێت.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

۲۹/۳/۲٠۲٠

H.B