هێزی هاوپەیمانان بە یەكجاری لە بنكەی سەربازی كەی وەن كشانەوە
دوایین سەرباز كەركووكی جێهێشت
K24- كەركووك:
300 راھێنەر و سەربازی ئەمەریکی و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە یەکجاری لە بنکەی سەربازی کەی وان لەباشووری کەرکووك کشانەوە.
بەر لە كشانەوەیان، هێزی هاوپەیمانان ژوور بەژووری بنکە سەربازیکەیان نیشانی ھێزە عێراقیەکان دا و بە بەھای یەك ملیۆن دۆڵار كەلوپەلی سەربازیان رادەستی وەزارەتی بەرگری عێراق کرد.
لەمبارەشەوە مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گوتی: "هێزی هاوپەیمانان بنكەی سەربازی كەی وەن جێ دەهێڵن، بە بەهای یەك ملیۆندۆلار كەلوپەلی سەربازیمان بۆ هێزەكانی عێراق جێهێشتووە".
هەورەها ئاشكرایكرد، "ماوەیەكە پلانی جێهێشتنی ئەو بنكە سەربازییەمان داڕشتووە، ئەمەش دوای سەركەوتنی هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە بەسەر رێكخراوی داعشدا".
جەختیشی كردەوە، "ئێستا كاتی ئەوە هاتووە هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ژمارەی بنكەكانی كەم بكەنەوە".
لەكاتێكیشدا داوا لە هەموو سەربازەکانی هاوپەیمانان كراوە، خۆیان ئامادە بکەن و فڕۆکەی سەربازیش ئامادەکراوە، بۆ جێ ھێشتنی یەکجاری بنکە سەربازیەکە، لیوا سەباح خەفاجی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق لە لێدوانێكدابۆ كوردستان 24 گوتی: "وەك دەبینین هێزی هاوپەیمانان متمانەییان بە هێزەكانی عێراق هەیە، بۆیە ئەو شوێنە گرنگە رادەستمان دەكەن، سوپاسی پاڵپشتییەكانی هاوپەیمانان دەكەین و بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعشیش هەماهەنگییەكانمان بەردەوام دەبێت".
H.B