لە كۆیە كارمەندێكی تەندروستی لەلایەن پۆلیسێكەوە بریندار كرا

داوایەكی بەپەلە لە دەزگا ئەمنییەكان دەكرێت

K24 - كۆیە

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كۆیە ئاشكرای كرد، لە لایەن پۆلیسێكەوە ھێرش كراوەتە سەر كارمەندێكی تەندروستی و بریندار كراوە، راشیدەگەیەنێت لە دادگا سكاڵا دژی ئەو پۆلیسە تۆمار دەكەن و ھێرش بۆسەر كارمەندەكانیان قبووڵ ناكەن.

لە راگەیەندراوەكەی تەندروستی كۆیە ھاتووە: "لە کاتی گەڕانەوەی کارمەندێکی تەندروستی بۆ ماڵەوە، لە رێگا لەلایەن ھاووڵاتییەکەوە کە پیشەکەی پۆلیسە ھێرش دەکرێتە سەری و زامدار دەکرێت، ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەم رۆژانە ئەم ھاووڵاتییە تایەكەی بەرزبووە و لەلایەن ئەم کارمەندوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە بۆ پشكنینی كۆرۆنا".

ئاماژە بەوەشكراوە: "وەکو بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە، ناڕەزایی توند دەردەبڕین و سكاڵای یاسایی بەرامبەر ئەم تاوانە تۆماردەكەین، بەهیچ شێوەیەك قبووڵی ئەم هێرشە ناڕەوایە ناكەین، داوای بەپەلەش لە لایەنی پەیوەندار و دەزگا ئەمنییەكان دەكەین كە رێكاری یاسایی بگرنەبەر بۆ ئەو جۆرە هێرش و تاوانە".

تەندروستی كۆیە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات: "رێز لە نەخۆشخانە و پزیشك و كارمەندان بگرن، هاوكاری رێگەگرتن بن، لەم جۆرە هەڵسوكەوتانە و بەرژەوەندی و مافی پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانە لەبەرچاوبگرن كە شەو و رۆژ لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا كار دەكەن".