سعوودییە هێندەی دیکە نرخی نەوت دادەبەزێنێت

لە دژی رووسیا ئەم کارە دەکات

K24 – هه‌ولێر:

حکومەتی سعوودییە رایگەیاند، هەناردەی نەوت بۆ بەرزترین ئاست زیاد دەکات، بەجۆرێک لە مانگی ئایار، رۆژانە 10 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل رەوانە دەکات، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی رووسیا و سعوودییەیە.

لە چەند هەفتەی رابردوو، نرخی نەوت، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەنگی رووسیا و سعوودییە و کەمی خواست، نزمترین ئاستی لە 17 ساڵی رابردوو تۆمار کرد.

بەرپرسێکی وزەی سعوودییە بە ئاژانسی هەواڵی سعوودییەی گوتووە، شانشین پلانی هەیە، لە مانگی ئایار، رۆژانە 600 هەزار بەرمیل زیاتر رەوانە بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وڵاتانی خاوەن نەوت چاویان لەوەیە، سعوودییە هەناردە کەمبکاتەوە، تاوەکو نرخی نەوت بەرزببێتەوە.

دوێنێ دووشەممەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی رێککەوتن کە بازاڕی نەوت سەقامگیر بکەن.

DW