جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ورده‌كانی رێكاره نوێیه‌كان ده‌خاته روو
سزای ئه‌وانه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه سه‌رپێچی رێكاره‌كان ده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
جێگری پارێزگاری هه‌ولێر له‌باره‌ی رێنماییه نوێیه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا به‌رچاوروونی ده‌دات و ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ش ئاشكرا ده‌كات، كه له رێنماییه‌كاندا كراون.
له‌مباره‌یه‌وه هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هه‌ولێر و هاوكات گوته‌بێژی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24 دووپاتیكرده‌وه، سه‌باره‌ت به قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌مان میكانیزمی رۆژانی پێشوو پیاده ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری تێدا كراوه ئه‌وه‌یه، كه له كاتژمێر 1:00ی شه‌و تا 6:00 به‌یانی ئه‌وانه‌ی كاری تایبه‌تیان هه‌یه رێگه‌یان پێ ده‌درێت بۆ كاری خۆیان بچنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام بۆ گه‌شت و سه‌یران رێگه به هیچ خێزانێك نادرێت.
سه‌باره‌ت به‌و سزایانه‌ش كه بۆ ئه‌و كه‌سانه دیاری كراوه كه سه‌رپێچی رێكاره‌كان ده‌كه‌ن، جێگری پارێزگاری هه‌ولێر گوتی: ئامانج له‌و رێكارانه بۆ پارێزگاریكردنه له ته‌ندروستی خه‌ڵك، بۆیه تا ئێستا زیاتر له 9 هه‌زار شۆفێر سزا دراون، هه‌ندێكیان له رێگه‌ی "نامه‌ی ئه‌لیكترۆنی" ئاگاداركراونه‌ته‌وه و هه‌ندێكیشان ده‌ست به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كانیاندا گیراوه یانیش به‌ڵگه‌نامه‌كانیان لێ سه‌ندراونه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به سزای ئه‌و كه‌سانه‌ش كه به‌پیاده هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه و سه‌رپێچیان كردووه، گوتی: تا ئێستا چه‌ندین كه‌سمان له ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ده‌ستگیركردووه و به‌ڵێننامه‌مان پێ پڕ كردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێزی ئه‌منیی زیاترمان له شوێنه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه.
تایبه‌ت به‌و ناوچانه‌ش كه كه‌ره‌نتینه كراون ئاشكرایكرد، هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌كی رۆژانه و خۆراكمان بۆ ئه‌و ناوچانه دابین كردووه و مووچهكانیشمان گه‌یاندووه‌ته ده‌ستیان، به‌بێ ئه‌وه‌ی له ماڵه‌كانیان بێنه ده‌ره‌وه، تیمه ته‌ندروستییه‌كانیش له پشكنین بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه به‌رده‌وامن، به تایبه‌ت كۆمه‌ڵگای سێبیران و شاره‌دێی خه‌لیفان.
H.B