نزیكه‌ی 100 هاووڵاتی له‌ هیندستانه‌وه‌ گه‌یشتنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان

لە هیندستان گیریان خواردبوو

K24 – هه‌ولێر:

فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە رایگه‌یاند، نزیکەى 100 هاووڵاتى هەرێمى کوردستان کە لە هیندستان گیریان خواردبوو بە سەلامەتى گەیشتنەوە هەرێمى کوردستان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمانگه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، هاتووه‌: لە چوارچێوەى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەژێر راسپاردەى بەڕێز سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ گەڕاندنەوەى ئەو هاووڵاتیانەى لە دەرەوە گیریان خواردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە هەوڵ و کۆششى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت و وەزارەتى دەرەوەى عیراقى فیدڕاڵ و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەغدا نزیکەى 100 هاووڵاتى هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى هیند گیریان خواردبوو گەیشتنەوە هەرێمى کوردستان.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئەم هاووڵاتیانە کە زۆربەیان بۆ چارەسەرى نەخۆشى و کارى بازرگانى سەردانى وڵاتى هیندیان کردبوو ئەمڕۆ بە سەلامەتى گەیشتنەوە هەرێمى کوردستان و لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە تەواوى رێکارەکانى پشکنین و کەرەنتینیان بۆ دەکرێ. 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، پێشتریش فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە رایگەیاندبوو، کە دواى وەستانى گەشتە ئاسمانیەکان زۆر لەو هاووڵاتیانەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزشکی یان بۆ خوێندن یان وەکو گەشتیار لەدەرەوەى وڵات بوون و پێویست بوو بگەڕێنەوە، لەچوارچێوەى پلانێکى تۆکمە و بە هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ توانیمان ئاسانکاری بۆ ژمارەیەکى بەرچاو بکەین و لە هەوڵی بەردەوامیشدا دەبین بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەی پێویستە بگەڕێنەوە.