جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ی پردێ هاته‌ ده‌نگ

داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات به‌ توندترین شێوه‌ ئه‌نجامه‌رانی تاوانه‌كه‌ سزا بدات

K24– هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ توندی رووداوه‌كه‌ی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ئافره‌تێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌ پردێ ئیدانه‌ ده‌كات و داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات، به‌ توندترین شێوه‌ سزای ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ بدات و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئەو تاوانە کارێکی زۆر نامرۆڤانە و قێزەونە و شکاندنی کەرامەتی هاوڵاتیانی کوردی ناوچەکەیە و پێویستە ھەوڵی جدديى بدرێت بۆ گەڕانەوەى هێزى پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەى ئیدارەی هەرێم.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق:

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژی کردنە سەر ژنێکی کوردی خاوەن پێداویستی تایبەت لە نزیك بازگەی پردێ و دەستگیرکردنی دوو کەس لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە قێزەونە، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به تونديى ئيدانەى ئەو تاوانه دڕندانەیە دەکات و داوا دەکات، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بەتوندترین شێوە سزا بدرێن.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به نوسراوێکی فەرمى داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، بەپەلە لیژنەیەکی تایبەت لەسەر ئەو بابەتە پێکهێنێت و لێکۆڵینەوەى ورد لەو رووداوە بکات و پەرلەمانتارانی پارێزگای کەرکوکیشی راسپارد، بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە بکەن و چادوێری لێکۆڵینەوەکان بکەن.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو تاوانە کارێکی زۆر نامرۆڤانە و قێزەونە و شکاندنی کەرامەتی هاوڵاتیانی کوردی ناوچەکەیە و پێویستە ھەوڵی جدديى بۆ گەڕانەوەى هێزى پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەى ئیدارەی هەرێم بدرێت، ئەوەش بۆ پاراستنى گيان و ماڵ و شەرەفى ھاوڵاتیان و رێگە نەدرێت رووداوی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

10/4/2020

H.B