چه‌ند لێژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ی پردێ به‌یاننامه‌یه‌كیان راگه‌یاند

"ئه‌وه‌ی له‌ پردێ رووداوه‌ پێشێلکردنی مافی تاکێکی کوردە و سوکایەتیکردنە بەئافرەت"

K24- هه‌ولێر:

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت و لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، لەبارەی ئەو دەستدرێژییەی کە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کراوەتە سەر ئافرەتێکی کوردی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە پردێ، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقه‌کەیەتى:

بەداخەوە کەسانێکی نەفس نزم کە سەر بەگروپە میلیشیاکانن، لە بازگەی پردێ دەستدرێژییان کردووەتەسەر ئافرەتێکی کوردی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە لەخێزانێکی هەژارن، سەرەڕای ئەوەی ئەمە کارێکی قێزەونە و دوورە لەبەهای ئەخڵاقی و مرۆڤایەتی، هەروەها پێشێلکردنی مافی تاکێکی کوردە و سوکایەتیکردنە بەئافرەت لەژێر ئەو دەسەڵاتە سەربازییە داسەپێندراوەی کە لەئێستادا لە کەرکووك بوونی هەیە و تاوانێکی لەمجۆرە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنێت.

ئێمە وەکو لیژنەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتە لە پەرلەمانی کوردستان بە هەموو شێوەیەك ئیدانەی ئەو کارە قێزەونە دەکەین و داوا لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ وردبوونەوە لەڕووداوەکە دروست بکاو داوا لەو هێزانەش دەکەین تۆمەتباران تەسلیم بەدادگای سەربازی بکەن و تۆمەتبار بەگوێرەی یاسای سزادانی سەربازی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن، بۆئەوەی ئەم حاڵەتەو چەندین حاڵەتی تر کەمافی هاووڵاتییانمان لەم ناوچانە پارێزراوبن و دووبارە نەبێتەوە، داوا دەکەین هەرچی زووە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، چونکە تەنها ئەوان دەتوانن پارێزگاری لە گیانی هاووڵاتییانمان بکەن و کەرامەتیان بپارێزن.

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ی هەرێم

لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت

لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ

10/4/2020

H.B