مه‌سرور بارزانی: لە دێرزەمانەوە کوردستان مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئایینی بووە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قیامە پیرۆزبایی له‌ خوشك و برا مه‌سیحییه‌كان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قیامه‌ پیرۆزبایی له‌ خوشك و برا مه‌سیحییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت کوردستان هەر لە دێرزەمانەوە مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاینی بووە.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تدا هاتووه‌: "حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندبوونی خۆی بە داکۆکیکردن و پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

"پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قیامە

بەبۆنەی جەژنی قیامە ، پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم خوای مەزن رۆژوو و نزاکانیان قبوڵ بکات و لە کەشێکی خێر و خۆشیدا رۆژانی جەژن بەڕێ بکەن.

کوردستان هەر لە دێرزەمانەوە مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاینی بووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندبوونی خۆی بە داکۆکیکردن و پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە. 

ئەم جەژنە هاوکاتیشە لە گەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئەو دۆخە سەختەی هەرێمی کوردستان و تەواوی جیهانی گرتووەتەوە. بەم بۆنەوە داواکارم لە هاووڵاتییانی خۆشەویست بەردەوام بن لە پابەندبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/4/11"