روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ئەوقافەوە

لەبارەی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان روونکردنەوە دەدات

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی ئەوقاف بڵاویکردەوە، لەھەندێ پەیج و ئەکاونتی جیای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی باس لەکردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان لەمانگی رەمەزانی پیرۆز دەکەن؛ ھەروەھا لێدوانی جیا و ناراست بەناوی وەزارەتمان بڵاوودەکرێتەوە.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەت هاتووە، لێرەوە رایدەگەێنین کە سەرلەبەری ئەم ھەواڵ و وتانە دوورن لە راستیەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەھەر کەس و لایەنێک بە پەرۆشترە بۆکردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان، بەڵام لەئێستادا پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گیانی ھاووڵاتیانی ئازیز کاری لەپێشینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بابەتانەش پەیوەست نین بە بەبریاری وەزارەتێک، بەڵکو لێژنەی باڵای رووبەرو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی بەرەچاوکردنی باش بوونی ژینگەی تەندروستی بریار لەسەر ئەم بابەتانە دەدەن، لێرەوە رایدەگەێنین ھەر کەس و لایەنێ لێدوان بەناوی وەزارەتمانەوە بڵاو بکاتەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.