پەژاک ڕادەستکردنەوە و لە سێدارەدانی موستەفا سەلیمی شەرمەزار دەکات

لە لایەن کەسانێکەوە لە ئاسایشی پێنجوێن، بە شێوازێکی نامرۆڤانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە

 

K24 - هەولێر:

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە راگەیەندراوێكدا،رادەستكردنی مستەفا سەلیمی بە ئێران و لە سێدارەدانی شەرمەزار دەکات و بە تاوانی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی لە قەڵەمی دەدات.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، سزای لەسێدارەدان بەگشتی و بە تایبەت لەسێدارەدانی موستەفا سەلیمی هاووڵاتی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە جێبەجێ کرا بە توندی شەرمەزار دەکەین.

پەژاك لە راگەیەندراوەكە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و دۆستانی مستەفا سەلیمی دەكات.

ئاماژە بەوەشكراوە، هاووڵاتی موستەفا سەلیمی بە هەر هۆکارێک لە زیندانیدا بووبێت، لەسێدارەدانی جارێکیتر رووی نامرۆڤانە و دژە کوردی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران نیشان دەدات. رژێمی ئیسلامی ئێران بۆ خۆی سەرچاوەی تاوانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییە. 

پەژاك دووپات لەوە دەكاتەوە، لە سێدارەدانی ئەم هاووڵاتیە رەهەندی دڵتەزێنی بە خۆیەوە گرت، ئەویش دوای ئەوەی لە زیندانی سەقز هەڵات بۆ ئەوەی گیانی خۆی رزگار بکات، وادیارە لە لایەن کەسانێکەوە لە ئاسایشی پێنجوێن، بە "شێوازێکی نامرۆڤانە هەڵسوکەوتی" لەگەڵ کراوە.

روونیشی دەكاتەوە، لە دەستپێکردنی ئەم بابەت و رووداوە دڵتەزێنە تا ئێستا ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان چاودێڕی بابەتەکەمان کردووە و بەدوای بەرچاوڕوونی بووین. هەرچەند کە سیاسەتی لە سێدارەدان بابەتێک نییە کە لەسەر شەرمەزارکردنی چاوەڕوان بکرێت، بەڵام بۆ رەهەندی دوومی بابەتەکە، واتە مژاری رادەستکردنەوەی پێویست بە بەرچاوڕوونی زیاتر هەبوو.

 ئ. م