وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: له‌ 24 كاتژمێری رابردوودا هیچ حاڵه‌تێكی كۆرۆنا تۆمار نه‌كراوه‌

راگه‌یه‌ندراوی ئه‌مڕۆی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (13ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2020) راگه‌یه‌ندراوی ژماره‌ (49)ی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: له‌ 24 كاتژمێری رابردوودا هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوون به‌ كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار نه‌كراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، هاتووه‌: لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو (1792) پشکنین ئەنجام دراوە، (989) هەولێر، (497) سلێمانی، (306) دهۆك و ئەنجام هیچ تووشبووی نوێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی ژماره‌ (49) 

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان،  رێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:

1- کەرەنتین

ژمارەی هاووڵاتیان لە کەرەنتینەکان (7216) هاووڵاتی بوون لە (30) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (1074) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (394) لە هەولێر، (36) لە سلێمانی، (620) لە دهۆك، (6) لە گەرمیان، (18) لە ڕاپەرین، وە (6142) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەرەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە 24 کاتژمێری رابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (284) هاووڵاتی.

2- پشکنین

لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو (1792) پشکنین ئەنجام دراوە، (989) هەولێر، (497) سلێمانی، (306) دهۆك.

ئەنجام هیچ تووشبووی نوێ لە هەرێمی کۆردستان تۆمارنەکراوە.

3- ئاماری گشتی

کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە (330) تووشبوو،  لەناویاندا (4) مردن هەیە و (190) نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان و پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستی، و لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (122).

وەزارەتی تەندروستی

حکومەتی هەرێمی کوردستان

13ی نیسانی2020