تەندروستی هەولێر هەڵوێستی خۆی لەبارە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ دەخاتەڕوو

"ئەوە دڵخۆشکەرە کە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو حاڵەت نەبووە"

K24 – هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی لە 24 کاتژمێری رابردوودا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار نەکراوە، بەڵام پێویستە رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ بەردەوام بن.

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێت، دوێنێ 412 پشکنینی کۆرۆنا لەو ناوچانە کراون کە پێشتر حاڵەتاکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەی تێیدا تۆمارکراوە و سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون.

گوتیشی، لەگەڵ ئەوەی تۆمارنەکرنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا هەواڵی دڵخۆشکەرن، بەڵام پێویستە رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ وەک خۆیان بمێننەوە و هاووڵاتییانیش پابەندی بن.

دوێنێ دووشەممە، لە هەولێر 22 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەوە و لە ماوەی چەند رۆژی رابردووش، کەرەنتینەی گەڕەکەکانی هەولێر، هەڵگیراون.

H.J