ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداری كۆرۆنا له كۆریای باشووره‌وه
ئه‌نجامی پشكنینی تووشبووان شتێكی دیكه له‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه نیشانده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی كۆریای باشوور، 25 چاره‌سه‌ركراوی دیكه‌ی كۆرۆنا، دووباره تووشی ڤایرۆسه‌كه بوونه‌ته‌وه.
به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و 25 كه‌سه كه بۆ دووه‌مجار تووشی ڤایرۆسه‌كه بوونه، ئاماره‌كه‌ی گه‌یشته 116 كه‌س، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداری كۆرۆنایه، كه تا ئێستا ئه‌و بڕوایه هه‌بووه له‌شی مرۆڤ به‌رگری له دژی ڤایرۆسه‌كه په‌یدا ده‌كات و جارێكی دیكه تووشی نابنه‌وه.
كۆریای باشوور به نیاز بوو دوای كۆتاییهاتنی شه‌پۆله‌كه‌ی كۆرۆنا، ره‌وشی ژیان ئاسایی بكاته‌وه، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌و كه‌سانه‌ی دووباره تووشی كۆرۆنا بوونه، هه‌نگاوێك وڵاته‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه دواوه.
تا ئێستاش به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته لێكۆڵینه‌وه له‌و دیارده ته‌ندرووستییه ده‌كه‌ن، به‌ڵاك جیۆنگ ئیۆن گیۆنگ، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی كۆریای باشوور بۆ نه‌هێشتنی نه‌خۆشی و خۆپارێزی، باس له‌وه ده‌كات، پێده‌چێت ڤایرۆسه‌كه له جه‌سته‌ی ئه‌و تووشبووانه دووباره چالاك بووبێته‌وه، پێناچێت له كه‌سانی دیكه‌وه بۆیان گوازرابێته‌وه.
تا ئێستا له كۆریای باشوور 10 هه‌زار و 564 كه‌س تووشی كۆرۆنا بووه و نزیكه‌ی 222 كه‌سیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئ. م