توێژینەوەیەکی زانستی دەربارەی هەوڵدان بۆ بوژاندنەوەی بزووتنەوەی شانۆ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، سیمینارێکی تایبەت بۆ هەر یەک لە هونەرمەندان، ژیلوان تاهیر، محەمەد جەمیل، کرمانج مستەفا و سەباح عەبدولرەحمان بە ناونیشانی "هەوڵدان بۆ بوژاندنەوەی بزوتنەوەی شانۆ لە هەولێر" رێکدەخات، لە هۆڵی سەفوەت جەراح لەناو بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر بەڕێوەدەچێت.
یەکشەممە، 6ی ئەیلوولی 2026، مەهدی حەسەن، بەرپرسی بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر، هەڵساین بەرێکخستنی سیمینارێکی زانستی بۆ چوار هونەرمەندی بە ئەزموون، لە رۆژی یەکەمی سیمینارەکە هەر یەکە لە، کرمانج مستەفا و محەمەد جەمیل پێشکەشی دەکەن، لە رۆژی دووەم، هەر یەکە لە سەباح عەبدولرەحمان و ژیلوان تاهیر سیمیناریان دەبێت و ئەوان وەک پانێڵێک کاری لەسەر دەکەن."
گوتیشی، "لەو سیمینارەدا هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کە دەست بە جووڵەیەکی شانۆیی بکەین لە هەولێر. لەدوای ئەو سیمینارە بەنیازی کارێکی شانۆیین بەناوی "لەچک"، لە ئامادەکردن و دەرهێنانی مەولان محەمەد ئەمینە. هەروەها هەوڵمان داوە چەند کارێکی دیکەش بکەین کە خۆی لە پێنج کاری شانۆیی دەبینێتەوە؛ بەڵام تا نەگەینە ئەنجام ناوی نابەین، چونکە هێشتا لەناو کارکردنداین و کە گەیشتینە کۆتایی کارەکە بەخۆشحاڵیەوە رایدەگەیەنین."
مەهدی حەسەن باس لە کەمی نمایش لە شاری هەولێر دەکات و دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی رەنگە لە رووی ژمارەی نمایشەکانەوە لە ئاستی داواکاریی تەواودا نەبێت، بەڵام هونەرمەندان و خەمخۆرانی ئەم بوارە جەخت لەوە دەکەنەوە کە جۆرییەتی و پەیامی کارەکان لە پێشەنگی کارەکانیاندایە. ئەم بزووتنەوەیە هەوڵێکە بۆ شکاندنی ئەو بێدەنگی و وەستانەی بۆ ماوەیەک بەسەر هۆڵەکانی شانۆدا سەپابوو."
دەربارەی تەوەرە سەرەکییەکانی سیمینارەکە، مەهدی حەسەن دەڵێت، "تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم هەوڵە نوێیە بریتین لە، ژیانەوەی هۆڵەکان و ئامادەکردن و چالاککردنەوەی هۆڵەکانی نمایش بۆ پێشوازیکردن لە بینەران، تەرکیزکردن لەسەر ئەنجامدانی کاری باوەڕپێکراو و ئاستبەرز کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی ویستی بینەری هاوچەرخ بێت، دروستکردنەوەی پردی متمانە لە نێوان تەختەی شانۆ و ئارەزوومەندانی هونەر، تا شانۆ بباتەوە ناو کەشوهەوای رۆشنبیریی شارەکە."
مەهدی حەسەن جەختی لەوەش کردەوە، "دەمەوێ ئەوە بڵێم کە شانۆکارانی هەولێر بە ئومێدەوە دەڕواننە ئەم هەنگاوانە و پێیان وایە بەردەوامی پێدانی ئەم بەرهەمانە دەبێتە هۆی رەخساندنی ژینگەیەکی هونەری زیندوو کە تێیدا شانۆ رۆڵی راستەقینەی خۆی وەک ئاوێنەی کۆمەڵگە دەگێڕێتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، ژیلوان تاهیر، هونەرمەندی شانۆکار و بەشداربووی سیمینارەکە دەڵێت، "من لە سیمینارەکە تیشک دەخەمە سەر رۆڵ و گرنگی تێزە ئەکادیمییەکانی ماستەر و دکتۆرا لە دەوڵەمەندکردن و گەشەپێدانی شانۆی کوردیدا. لە ماوەی دە بۆ بیست ساڵی رابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیان و توێژەران توانویانە بڕوانامەی باڵا لە بوارەکانی شانۆ و سینەمادا بەدەستبهێنن، بەتایبەتی لە پسپۆڕییە وردەکانی وەکو، دەرهێنان و نواندن، شانۆنامەنووسی و دراماتۆرگی، رەخنەی شانۆیی، سینۆگرافیا، رووناکی و بەرگ و رازاندنەوە."
ژیلوان تاهیر باس لە ئامانجی سیمینارەکە دەکات و دەڵێت، "ئامانجی سەرەکی ئەم سیمینارە خستنەڕووی کاریگەریی ئەم توێژینەوە زانستی و ئەکادیمییانەیە لەسەر ئاستی فکری، هونەری و زانستیی شانۆی کوردی، تاوەکو شانۆی کوردی لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بتوانێت بەشێوەی بژێوییەکی زانستییانە لەم ئەزموون و پسپۆڕییە وردانە سوودمەند بێت و بەرەو پێشتر هەنگاو بنێت."
ژیلوان تاهیر باسی لەوەش کرد، "لەمەودوا دەکرێت بەشێوەیەکی گشتگیر و زانستییانە متمانە و پشتیوانی بە مامۆستایان و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە بوارەکانی شانۆدا ببەخشرێت، بە مەبەستی راهێنان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانیان لە تەواوی خول و چالاکییە شانۆییەکاندا."
دەربارەی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پراکتیکی بوارە وردەکانی شانۆ دەکات و دەڵێت، "ئەم شارەزا و پسپۆڕانە دەتوانن رۆڵی کاریگەر بگێڕن لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پراکتیکی لە بوارە وردەکانی شانۆدا وەکو، مۆسیقای شانۆیی و دراماتۆرگی، سینۆگرافیا، دیزاینی بەرگ و پۆشاک، رەخنەی شانۆیی، ئەکتەری و دەرهێنان، جووڵەی شانۆیی و وۆرکشۆپە پسپۆڕییەکان."
ژیلوان تاهیر ئاماژەی بەوەش دا، "ئامانج لەم هەنگاوە، رێکخستنی خولی راهێنانی بەردەوامە بۆ ئارەزوومەندان، شانۆکاران و ئەو گەنجانەی تازە دێنە ناو جیهانی شانۆوە. هەروەها ئەم شارەزایانە دەکرێت ببنە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ دەرهێنەران لە کاتی ئەنجامدانی کارە شانۆییەکانیاندا، بە تایبەت لە دابینکردنی ماکێت، سینۆگرافیا و تێگەیشتنی ورد بۆ ئەندامانی گرووپە شانۆییەکان."
توێژینەوەیەکی زانستی بۆ هەوڵدان بۆ بوژاندنەوەی بزووتنەوەی شانۆ لە هەولێر، بەبەشداری چوار هونەرمەندی دیاری بواری شانۆ، بڕیارە بەیانی دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، لە هۆڵی سەفوەت جەراح لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.