پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 44%ـی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی ئەڵمانیا بەدستهێناوە
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) %44.4ـی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی پارێزگای ساکسۆنیا-ئەنهاڵت بەدەستهێنا، کە ئەمەش بەرزترین رێژەی دەنگە بۆ پارتێکی راستڕەو لە مێژووی دوای جەنگی جیهانیی دووەمی ئەڵمانیادا و رێگە خۆش دەکات بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە نەخشەی سیاسی و حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا.
یەکشەممە 6ی ئەیلوولی 2026، ئەنجامە بەرایییە فەرمییەکانی دەنگدان کە لە کەناڵەکانی (ARD) و (ZDF) بڵاوکرانەوە نیشانی دەدەن کە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا توانیویەتی 44.4%ـی دەنگەکان مسۆگەر بکات، بەمەش دەنگەکانی پارتەکە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 کە 23.7% بوو زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و زۆر لە پێشبینییە بەرایییەکانیش زیاترە.
لە بەرامبەردا، پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) کە لە ساڵی 2002ەوە حوکمڕانیی ئەم ویلایەتە بچووکەی 2.1 ملیۆن کەسی دەکات، تووشی داڕمانێکی گەورە بوو و تەنیا 18.4%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. هاوکات پارتی چەپ 9.3، پارتی سەوزەکان 8.7%، و پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) %8.4ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا پارتی نوێی (BSW) بە سەرۆکایەتیی سارە ڤاگنکنێشت بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بەربەستی 5% تێپەڕاند و گەیشتە پەرلەمان، هاوکات رێژەی بەشداریی دەنگدەرانیش گەیشتە ئاستێکی پێوانەییی مێژوویی کە 76.5% بوو لە کۆی 1.7 ملیۆن دەنگدەری خاوەن ماف لە ویلایەتەکەدا.
سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە ، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەتوانێت بە تەنیا زۆرینەی رەها لە کورسییەکانی پەرلەمان پێکبهێنێت، کە ئەمەش مەرجی سەرەکیی پارتەکەیە بۆ حوکمڕانی بەهۆی رەتکردنەوەی چوونە ناو هەر هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ پارتەکانی دیکەدا.
هاوکات سەرجەم پارتە سەرەکی و نەریتییەکانی ئەڵمانیا بەردەوامن لەسەر سیاسەتی نەگۆڕی "دیواری پارێزبەند" و بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا رەتدەکەنەوە، بەتایبەت کە لقی ئەم پارتە لە ساکسۆنیا-ئەنهاڵت لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیاوە وەک رێکخراوێکی "توندڕەوی راستڕەو" پۆلێن کراوە.
ئەلیس ڤایدڵ، هاوسەرۆکی نیشتمانیی پارتەکە سەرکەوتنەکەی بە مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند، پارتەکەیان متمانەیەکی روونی لە گەلەوە وەرگرتووە بۆ حوکمڕانیکردن و ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بکەن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی بەڕێوەبردن. لە بەرامبەردا، فرانسیسکا هۆپەرمان، سکرتێری گشتیی پارتی کریستیان دیموکرات شکستی پارتەکەی بە "شکستێکی گشتگیر بۆ دیموکراسیی 35 ساڵی رابردووی ناوچەکە" لەقەڵەمدا، لە کاتێکدا سڤین شولتزە، سەرۆکوەزیرانی ئێستای ویلایەتەکە دەرئەنجامەکەی بە "گورزێکی کوشندە" وەسف کرد.
ئەم هەڵبژاردنە بە گەورەترین تاقیکردنەوە بۆ فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا دادەنرا کە بەهۆی کێشە ئابوورییەکان و شکستهێنانی لە راگرتنی شەپۆلی کۆچبەران پێگەی جەماوەریی بە توندی دابەزیوە، بە جۆرێک لە راپرسییەکی ئەم دواییەی ویلایەتەکەدا تەنیا 9% هاووڵاتییان رەزامەندییان لەسەر سیاسەتەکانی دەربڕیبوو.
ئولریش زیگمۆند، کاندیدی سەرەکیی تەمەن 35 ساڵی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە میانی ئاهەنگگێڕان لەگەڵ لایەنگرانیدا رایگەیاند: "ئێمە مێژوومان لەم وڵاتەدا تۆمار کرد و دەستمان بۆ هەموو ئەو هێزە دیموکراتانە درێژ دەکەین کە دەیانەوێت سیاسەتێکی باشتر پەیڕەو بکەن." زیگمۆند بە تەنزەوە راوێژکار مێرز-ی بە "باشترین بانگەشەکار بۆ سەرکەوتنی پارتەکەیان" ناوبرد و جەختی کردەوە، دۆسیەی کۆچبەران و ئاسایشی ناوخۆ بە هیچ جۆرێک جێگەی سازشکردن و دانوستان نین؛ ئێستا پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە راپرسییە گشتییەکانی سەرانسەری ئەڵمانیاشدا لەپێش هەموو پارتەکانەوەیە و بە تەواوی چاوی لە بردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فیدراڵیی ساڵی 2029دا چەسپاندووە.
ئولریش زیگمۆند لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی کۆمەڵێک بڕیاری توندی داوە کە لە ئەگەری پێکهێنانی حکوومەتدا دەستبەجێ جێبەجێیان دەکات، لەوانە: دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی دیپۆرتکردنەوە و دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیەوە، قەدەخەکردنی هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازان لە قوتابخانەکان و دانانی ئاڵای ئەڵمانیا لە شوێنیان، گۆڕینی دروشمی فەرمیی ویلایەتەکە لە "بیر لە مۆدێرن بکەرەوە" بۆ "بیر لە ئەڵمانیا بکەرەوە"، سەپاندنەوەی گوتنی سروودی نیشتمانی لە قوتابخانەکان، کەمکردنەوەی جەختکردنەوە لەسەر مێژووی سەردەمی نازییەکان لە پرۆگرامەکانی خوێندندا، و راگرتنی دروستکردنی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی با.
سەرکەوتنی ئەم پارتە شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا بەدوای خۆیدا هێناوە؛ جۆزێف شوستەر، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی جوولەکەکان لە ئەڵمانیا رایگەیاند، بە شێوەیەکی کەسی تووشی شۆک و بێزاریی قووڵ بووە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە.
هەروەها هەزاران خۆپیشاندەر لە شاری ماگدێبۆرگ کۆبوونەوە و دروشمی "ژیان بەبێ نازییەکان باشترە"یان بەرزکردەوە، هاوکات قەشە گێرهارد فیگە هۆشداری دا لەو هێزانەی کە تۆوی دووبەرەکی دەچێنن و جەختی کردەوە کە "هەموو کەسێک بە شێوەی دیموکراتی هەڵبژێردرێت، بە مانای ئەوە نایەت کە کەسێکی دیموکراتخوازە."
لە لایەکی دیکەوە، پەیمانگەی ئابووریی ئەڵمانیا (IW) هۆشداریی توندی دا کە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەبێتە هۆی وێرانبوونی ئابووریی ویلایەتەکە لەبەر ئەوەی بەهۆی پیربوونی دانیشتووانەکەیەوە، کەرتی تەندروستی و پیشەسازی بە توندی پێویستیان بە هێزی کاری بیانییە.
هاوکات چاودێران هۆشداری دەدەن لەوەی بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی ئەم پارتە لەگەڵ مۆسکۆ، ئەگەری دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکان بۆ رووسیا لە ئارادایە، هەرچەندە پارتەکە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و داوای چاکسازی لە دەزگای هەواڵگریی ناوخۆ دەکات.
هۆڵگەر شمیدینگ، گەورە ئابووریناسی بانکی بێرنبێرگ ڕایگەیاند، ئەم دەرئەنجامە زۆر لە پێشبینییەکانیش خراپتر بوو بۆ پارتی دەسەڵاتدار و دەبێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێی کێشمەکێش و قەیرانی قووڵی سیاسی لە ناوخۆی ئەڵمانیادا.