توێژینەوەیەکی نوێی میدیایی: بۆ ده‌ستكه‌وتنی زانیاری له‌ باره‌ی كۆرۆنا وه‌رگران زۆرتر پشتیان به‌ "هه‌واڵی به‌په‌له‌" به‌ستووه‌

"ھەواڵی بەپەلە" گونجاوترین ژانرە

K24 – هه‌ولێر:

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی میدیایی؛ "ھەواڵی بەپەلە" گونجاوترین ژانرە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی پێشھات و گۆڕانکارییەکانی پەتای جیھانیی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناسراو بە کۆڤید-19.

لەنوێترین توێژینەوەی ھاوبەشی نێوانیاندا؛  د.بەھات حەسیب قەرەداخی لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و د.شوان ئادەم ئەیڤەس لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی هەڵسەنگاندنیان بۆ کاریگەرییەکانى پەیامى میدیایی لەسەر هۆشیاریى تەندروستیی بەکارهێنەرانى میدیا دەربارەى کۆڤید_19 کردووە. بۆ ئەو مەبەستەش، ماوەى قەدەغەکردنى هاتووچۆى هەرێمى کوردستانیان لەنێوان 14ى ئادار بۆ 16ى نیسانى 2020، وەک کۆمەڵ و مشتەى توێژینەوەکە وەرگیراوە.

پاش وەرگرتنەوەى 750 وەڵامى بەرتوێژان و شیکردنەوەى داتاکانیان، ئەم توێژینەوەیە گەیشتە ئەو ئەنجامەى کە میدیاکانی کوردستان و بەتایبەتی تەلەڤیزیۆنەکان زۆر چالاک بوون و  کاریگەرییەکى زۆریان لەسەر بەرتوێژان هەبووە و توانیویانە قەناعەتیان پێبهێنن کە پابەندى رێنماییە تەندروستییەکان بن. ئەوەیش بەهۆى تێڕوانینى ئەرێنیی بەکارهێنەرانى میدیاکان بۆ شێوازى داڕشتنى پەیامى میدیایی لەگەیاندنى زانیاریی و رێنمایی پەیوەست بەخۆپاراستن لەپەتاى کۆڤید_19و مەترسییەکانى.

بەپێی ئەنجامە بەدەستھاتووەکانی توێژینەوەکەیان؛ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤزیۆنە کوردیی و جیهانییەکان، سەرچاوەى سەرەکیی زانیارییەکانى زۆرینەى بەرتوێژان بوون و لەو چوارچێوەیەشدا زۆرتر پشتیان بەژانرى رۆژنامەوانیی هەواڵ و "هەواڵى بەپەلە" بەستووە و کەمتر دیدارى تەلەڤزیۆنیی لەگەڵ پسپۆڕانى تەندروستییان بەلاوە گرنگ بووە. بەپێچەوانەشەوە، کەمینەیەک لەبەکارهێنەرانى میدیا لەهەرێمى کوردستاندا هێشتا گرنگیی بەهیچ جۆرە رێنمایی و پەیامێکى میدیایی نادەن و پێشیانەوە پابەند نابن.

هاوکات بەرتوێژان زۆر بەگرنگى دەزانن، میدیاکان پەیامی ترس و بیم و هەواڵی ناخۆش کەمتر بکەنەوەو رەچاوی دۆخى دەروونیی وەرگرەکانیان بکەن. بەتایبەت لەسەروەختى بڵاوبوونەوەى نەخۆشیی و قەیرانەکان و کارەساتە سروشتییەکاندا.