حەداد: پێویستە ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانییەكان جێگیر بكرێت

ئیدانەی تەقینەوەكەی كەركووك دەكات

K24 - ھەولێر

د.بەشیر حەداد، ئیدانەی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی كەركووك دەكات و جەختیش لەسەر جێگیرکردنی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوێكدا د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کردەوە خۆکوژییەکەی بەردەم باڵەخانەی دەزگای هەواڵگری شاری کەرکووکی ئیدانە دەکات کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە کارمەندانی ئەو دەزگایە بریندار بوون و داواش لە ھێزە ئەمنییەکان دەکات زیاتر چاوکراوە بن تاوەکو رێگری لە ئەنجامدانی کردەوە تیرۆرستییەکان بگرن.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، زیادبوونی  پەلامار و کردەوە تیرۆرستییەکانی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەگشتی و شاری کەرکووک و دەوروبەری بەتایبەتی، ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە هێزە عێراقییەکان بەتەنیا ناتوانن کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکەن و دانیشتوانەکەی بپارێزن.

دکتۆر بەشیر حەداد، راشیگەیاند، دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ جێگيرکردنی هێزێکی هاوبەش لە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان قۆناغی باشی بڕی بوو. پێویستە ئەو دانوستاندنانە سەر لەنوێ دەست پێبکەنەوە و ھێزێکی ھاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو ناوچانە جێگیر بکرێت، بۆ پاراستنى ناوچانەکە و سەر و ماڵى هاووڵاتیيان.