تارق حه‌رب: نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ببردرێت
"پێویسته پرسی مووچه له هه‌موو بابه‌ته‌كانی دیكه جیا بكرێته‌وه"
K24- به‌غدا:
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان ٢٤، تارق حەرب پسپۆڕی دەستووری و یاسایی عێراقی دووپاتی كرده‌وه، نابێت بەهیچ شێوەیەك حكومه‌تی به‌غدا په‌نا بۆ بڕینی مووچەی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ببات، چونکە پارەکە بۆ به‌رپرسان و لایەنی حکومی خەرج ناکرێت، بەڵکو مافێكی ره‌وای فەرمانبەران و خێزانەکانیانە.
گوتیشی: تەنانەت ئەگەر مەرجی رادەستکردنی نەوت و داهاتەکانی دیکەش هەبێت، نابێت ئه‌و مه‌رجانه بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمه‌وه ببەسترێنەوە.
هه‌روه‌ها ره‌خنه له مادده‌ی 10ی ده‌ستووری عێراقی گرت، كه تایبه‌ته به بودجه و گوتی: هه‌رچه‌نده ئه‌و مادده‌یه پارێزگاری له مافه داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌ران نه‌كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته پرسی مووچه له هه‌موو بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به بودجه جیا بكرێته‌وه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، نابێت كێشه سیاسییه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بژێوی ژیانی خه‌ڵك هه‌بێت، كه به گوته‌ی خۆی، هۆكاری سیاسیش رۆڵێكی كارای له‌و كێشه‌یه‌دا هه‌بووه.
دوپاتیشی كرده‌وه، ئێستا كه شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا له به‌غدایه، پێویسته له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی ئه‌و پرسانه یه‌كلایی بكاته‌وه، كه په‌یوه‌ندییان به بژێوی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه هه‌یه و نابێت رێگه بده‌ن حكومه‌تی به‌غدا ئه‌و هه‌نگاوه بنێت.
هه‌وره‌ها گوتی: ده‌بێت كار له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه و هه‌مواركردنه‌وه‌ی مادده‌ی 10ی ده‌ستووری عێراق بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌توانێت به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ئه‌و مادده‌یه شرۆڤه بكات و به‌كاری بهێنێت.
سه‌باره‌ت به پێكهاته‌ی حكومه‌تی عێراق و پشكی كورد له پۆسته ئیدارییه‌كان، تارق حه‌رب جه‌ختی كرده‌وه، هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه به بێ راوێژكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان وه‌زیرێك له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم دیاری بكرێت، چونكه كوردیش پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كییه و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له سه‌رانسه‌ری عێراق به‌رپرسیارێتی خۆی هه‌ڵبگرێت.
گوتیشی: پێكهاته‌ی كابینه‌ی نوێ به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی ئاماده‌یه و ته‌نیا 2 وه‌زیر ماون كه هێشتا یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه، ئه‌وانیش وه‌زیری به‌رگری و وه‌زیری ناوخۆن.
ئاشكراشیكرد، له‌م چه‌ند رۆژه‌دا پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی كازمی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت و دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
H.B
پێشتریش هه‌ر ئه‌مڕۆ میسال ئالووسی، سه‌رۆكی حزبی "ئومه‌ی عێراقی" داوای له داواكاری گشتی كرد، لێكۆڵینه‌وه له دژی ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بكات، كه مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه.
ئالووسی له تویته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه، پێویسته سیاسییه‌كانی عێراق به‌رپرسیارێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له ئه‌ستۆ بگرن و نه‌یخه‌نه ئه‌ستۆی كه‌س.
جه‌ختیشی كرده‌وه، پێویست ناكات كێشه‌كان تێكه‌ڵ بكرێن و ده‌بێت دوور له قووتی خه‌ڵك چاره‌سه‌ر بكرێن.