رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وه‌ڵامی هیوما‌ن رایتس وۆچ ده‌داته‌وه‌

بڕیاری داخستنی ده‌روازه‌ی سنووری پێشابوور - سێمالكا له‌لایه‌ن رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ بووه

K24- هه‌ولێر:

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24، دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌ت كرده‌وه‌، كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، گوایا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگری له‌ گه‌یاندنی هاوكاری مرۆیی و پزیشكی بۆ رۆژئاوای كوردستان ده‌كات.

دیندار زێباری دووپاتی كرده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌یان تۆن ده‌رمان و كه‌لوپه‌لی پزیشكیی ره‌وانه‌ی رۆژئاوای كوردستان كردووه‌.

سه‌باره‌ی به‌ داخستنی ده‌روازه‌ی سنووری پێشابور سێمالكا رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌ختی كرده‌وه‌، بڕیاری داخستنی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ مانگی رابردوو له‌ لایه‌ن رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ دراوه‌ نه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم.

گوتیشی: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی كردووه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوكارییه‌ پزیشكییانه‌ی له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ره‌وانه‌ی رۆژئاوای كوردستان كراون.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پیشتریش هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێم وەڵامی دوایین راپۆرتی رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچی دایه‌وه‌، كه‌ بە ناونیشانی "سووریا ئاستەنگی بەردەم ھاوکارییەکان کاردانەوەی دەبێت لەسەر چارەسەری کۆڤید-١٩" بڵاوی كردبووه‌وه‌ و تێیدا باسی له‌وه‌ كردبوو، گوایا حكومه‌تی هه‌رێم ئاسته‌نگ ده‌خاته‌ به‌رده‌م گه‌یشتنی هاوكاری به‌ رۆژئاوای كوردستان.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەیان تەن داودەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بۆ باکوری رۆژھەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) رەوانکردووە.

لە رێکەوتی ٢٨/٤/٢٠٢٠ رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ (HRW) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی "سووریا ئاستەنگی بەردەم ھاوکارییەکان کاردانەوەی دەبێت لەسەر چارەسەری کۆڤید-١٩"، لەدوای چەند داواکارییەك کە گوایا ژمارەیەك لە رێکخراوە مرۆییەکان رێگریان لێکراوە لە گەیاندنی داودەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بۆ باکوری رۆژھەڵاتی سووریا.

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێم ئاماژەی بە ھەوڵ و کۆششە بەرچاوەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان کرد بۆ ئەو بارودۆخ و قەیرانە مرۆییەی لە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا ھاتووه‌تە ئاراوه‌. ھەروەھا د. دیندار زێباری ھەماھەنگی و راوێژکردنی رێکخراوی (HRW) لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەر لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەیان بەرز نرخاند و دوپاتی کردەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە و داتا و زانیاری پێویست و دروستی پێشکه‌شی رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ کردبوو، بەڵام لە راپۆرتەکەیان ئاماژەیان بەو زانیاریانە نەکردبوو. زێباری ئاماژەیکرد، کە رێکخراوی ناوبراو لەم بارەیەوە داوای زانیاری و داتای فەرمیی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردبوو، بەڵام لە راپۆرتەکەیاندا بەھیچ شێوەیەك ئاماژە بەو زانیاریانە نەکراوە، ھەروەھا زێباری گوتی: ھەردەم حکومەتی ھەرێم ھەنگاو دەنێت بۆ ھەبوونی پەیوەندی باش لەگەڵ رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ، بەڵام پێویستە ئەم ھەماھەنگییە دوولایەنە بێت.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: لە قۆناغەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەسەڵاتدارانی کارگێڕی خۆیەتی لە باکوری رۆژھەڵاتی سووریا بڕیاری داخستنی دەروازەی سنوری پیشخابوریاندا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە. ھەروەھا روونیکردەوە، دەروازەی سنوری (پیشخابور-سێماڵکا) لە سەرەتادا بۆ ھەموو جۆرە ھاتوچۆیەك داخرا، تەنانەت ئەو رێکخراوە ناحکومیانەش کە ھاوکاری مرۆیی و پزیشکییان پێشکه‌ش بە پەنابەران دەکرد لە ناو سووریا.

ھەروەھا زێباری گوتی: رێکخراوە مرۆییەکان داوایانکرد بە کردنەوەی دەروازە سنورییەکان بە مەبەستی ناردنی ھاوکاری پزیشکی پێویست بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باکوری رۆژھەڵاتی سووریا. ھەر لەسەر داواکاری ئەم رێکخراوانە بڕیار درا بە تەرخانکردنی رۆژی سێشەممە لە گشت ھەفتەیەك بە کردنەوەی دەروازەی سنوری بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان، لەوانەش خۆراك و داودەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و پێداویستی بۆ تاقیگەکان بۆ ئەنجامدانی تێستی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ھەروەھا زێباری دوپاتی کردەوە، لە نێو ئەو رێکخراوە ناحکومیانەش رێکخراوی (Un Ponte Per) UPPی ئیتاڵییە، كه‌ لە رێکەوتی ٧/٤/٢٠٢٠ دوو تەن کەلوپەلی پزیشکی و ھاوکاری بۆ نەخۆشخانەکانی باکوری رۆژھەڵاتی سوریا رەوانەکرد. داواکاری ھیچ رێکخراوێك رەت نەکراوەتەوە بۆ ناردنی ھاوکاری مرۆیی.

کۆی گشتی ئەو ھاوکاریە مرۆییانەی کە رەوانەی رۆژئاوا کراون، لە رێکەوتی ١/٣/٢٠٢٠ تاوەکو ١٥/٤/٢٠٢٠ دەگاتە دە تۆن لە داودەرمان و کەلوپەلی پزیشکی. ھەروەھا روونیکردەوە، حکومەتی ھەرئمی کوردستان گشت ھاوکارییەکی لۆجستی پێشکه‌ش بە ئاژانسەکانی مرۆیی کردووە، کە ئامادەن بۆ ناردنی ھاوکاری بۆ باکوری رۆژھەڵاتی سووریا.

لە رێکەوتی ٩/٤/٢٠٢٠ یەکەم بەش لە کەلوپەلی تاقیگە تایبەت بە ئاشكراكردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رەوانەکرا. ژمارەیەك لە کادر و شارەزای پزیشکی لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ھاوکاری و راھێنان پێکردن چوون بۆ سووریا، ھەروەھا ژمارەیەکیش لە ئەندازیارانی پسپۆر چوون بۆ ھاوکاری و دامەزراندنی تاقیگەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ بووە، کە بۆ ماوەی 4 رۆژ لەسەریەك بەردەوام بوو. لەلاین دەسەڵاتدارانی کارگێڕی سەربەخۆ لە باکوری رۆژھەڵاتی سووریا ئەم ھەوڵانەی سەرۆکی ھەرێم بەرز نرخێندرا و سوپاسگوزار بوون بە دەستپێشخەریەکی خێرا و پێویستیان ناساند، دوایین ھاوکاری لە ٢٣/٤/٢٠٢٠ کە لە دوو تەن ھاوکاری و کەلوپەلی پزیشکی پێکھاتبوو، رەوانەکرا. 4 لەو تاقیگه‌یانەی رەوانەی رۆژئاوا کراون، لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ پێشکه‌ش کراوە.

سەبارەت بە کڕینی کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان زێباری ئاماژەی به‌وه‌ کرد، پێداویستییه‌كانی تایبەت بە کۆرۆنا لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان سنوردار کراون بە پێچەوانەوە رێگا کراوەتەوە بۆ ھاوردەکردنی نەك ھەناردە بەھۆی پێداویستی زۆری ھەرێمی کوردستان بەم پێداویستیانە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە.

لەمانگی یەکی رابردوو كونسوڵی گشتی چین‌ ٢٠٠ ھەزار دەمامكی لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان كڕیوه‌ و ھەناردەی وڵاتی چینی کردووە. بەڵام لەسەر داوای حکومەتی ھەرێمی کوردستان دووبارە ھاوکاریان بۆ ھەرێمی کوردستان گێڕایەوە. ھەرچەند کارگەکانی دەرمان بەردەوام و بێپسانەوە کاردەکەن بۆ بەرھەم ھێنانی پێداویستی پزیشکی ھەر لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، چونکە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر ھەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی.

لەگەڵ ئەوەش حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێخۆشحاڵە و پێشوازی دەکات بۆ ھەر ھەوڵێك بۆ پێشکه‌شکردنی ھاوکاری بۆ (رۆژئاوا)، حکومەتی ھەرێم باجی لەسەر ئەو ئاژانسانە ھەڵگرتووە، کە لە بواری مرۆیی بەمەبەستی پێشکه‌شکردنی ھاوکاری بۆ (رۆژئاوا) کاردەکەن، بەڵام پێویستە لەسەر رێکخراوە ناحکومییەکان پابەند بن و بەپێی ئەو یاسا و رێنماییانەی کە لەلایەن لیژنەی باڵای حکومەت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌ دەردەچن و لە ھەرێمی کوردستان ناویان تۆمارکرا بێت، مۆڵەت پێدراو بن و ماوەی مۆڵەتەکەیان بەسەر نەچووبێت، کەلوپەل و پێداویستییەکانیشیان کە پێشکه‌شی دەکەن، بەپێی ستانداردی ئاژانسی چاودێری پزیشکی کوردستان (KMCA) بێت.

لە رێکەوتی ١/٣/٢٠٢٠ تا ١٥/٤/٢٠٢٠ ژمارەیەك لە رێکخراو داواکاریان پێشکه‌ش کردووە، بەمەبەستی ھاوکاریکردنی (رۆژئاوا) لە رووی پێداویستی پزیشکییەوە، له‌وانه‌ش رێکخراوی دکتۆرانی بێسنووری ھۆڵەندی، مێنیتۆر، دەستەی پزیشکی نێودەوڵەتی (IMC). لەسەر گشت داواکارییەکان رەزامەندی دراوە. ئه‌مڕۆ ٢٧/٤/٢٠٢٠ رەزامەندی لەسەر رێگەپێدانی چەند رێکخراوێکی دیکە بۆ کارکردن لەم بوارە دەدرێت.

ھەر لە سەرەتا سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کڕۆنا کۆڤید-١٩ـه‌وه‌ حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوەی بۆ ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی لە دەروازە سنوریەکان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر کردووە.

H.B